ماڵه‌وه‌ > کوردی/ Kurdish, بۆ فەرزاد/ For Farzad > نامه‌ی زانیار و لوقمان مورادی به بۆنه‌ی دووهه‌میین ساڵوه‌گه‌ڕی ئیعدامی فه‌رزاد که‌مانگه‌ر و هاوڕیانی له زیندانی ره‌جایی شاری که‌ره‌جه‌وه

نامه‌ی زانیار و لوقمان مورادی به بۆنه‌ی دووهه‌میین ساڵوه‌گه‌ڕی ئیعدامی فه‌رزاد که‌مانگه‌ر و هاوڕیانی له زیندانی ره‌جایی شاری که‌ره‌جه‌وه

دو ساڵ به‌ سه‌ر ئه‌و رووداوه‌ دا تێپه‌ڕی که هیچ تاکێکمان پێمان خۆش نه‌بوو ئه‌و هه‌واڵه ببیستین. ئه‌و رۆژه‌ی که‌ باقی نه‌ته‌وه‌کانی ئیران وه‌ک ئێمه دڵگران و ناره‌حه‌ت بوون و به‌م شێوه‌یه‌ به‌رگێکی دیکه له مێژووی تاڵی ئێران له وڵاتی کوردان خۆی نواند.
میژووی کورد رۆژانێکی تاڵی تێپه‌ڕاندوه‌ به‌ تایبه‌تی له‌م ساڵانه‌ی دوایی دا. کاتێ گوێ بۆ وته‌ی گه‌وره‌کانمان ده‌گرین زۆر به ئه‌سته‌م ده‌توانین رووداوه‌کان و ده‌ردی تێکه‌ڵ بووی ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی تێپه‌ڕێنین و ئاسۆیه‌کی خۆش چاوه‌ڕێمان بێ. به درێژایی مێژوو ده‌س درێژی بۆ سه‌ر خاکمان و هه‌روه‌ها شه‌ڕه‌ ئایدۆلوژیاییه‌کان، که به ویستی ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌نجام دراون، روویداوه‌. هێرش کردنه‌ سه‌ر شاره‌کان و رشتنی خوێنی خه‌ڵکی سفیل لایه‌نێکی دیکه‌ن. فیشه‌کێک که زۆر جار بۆ تیرۆر کردنمان و هه‌ندێ جار بۆ داپڵۆساندنمان به کارهێنراون. بۆمباران کردن و هه‌نارده‌کردنی مووشه‌که یه‌ک له دوای یه‌که‌کان، ته‌نیا به مه‌به‌ستی ساڕێژ کردنی هزری سه‌ره‌ڕۆییانه بوه‌، هه‌مووی چیرۆکی تراژدیای گۆڕه‌ به کۆمه‌ڵه‌کان و کیمیاباران و تۆڵه‌یه، که به‌رده‌وام نه‌یانهێشت تا کوو رۆحی زیندووی وڵاتی کوردان، سات له‌ سه‌ر سات له‌ سه‌ر کۆسته‌کانی نه‌که‌وێت. چه‌نده‌ها پیلان گێڕی که‌ به‌رده‌وام دۆستایه‌تی و ئاشتی و ته‌بایی له‌ ئیران به فیڕۆ داوه‌. ده‌س به‌ سه‌رکردن و کوشتن و نه‌فره‌ت و سێداره‌کانی بێ بڕانه‌وه‌، بێ‌ سه‌ر و شوێن بووه‌کانی ئازیزانمان، بوه‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ دۆستی و ئارامی و رێ و شوێن و لاوک و حه‌یران و به‌ تێكرا جوانییه‌ دڵڕفێنه‌کانی وڵاته‌که‌مان بۆمان نامۆتر و گه‌یشتن پێیان بوو به رێگای پڕ هه‌وراز و نشێو. داخ و حه‌سره‌ت بۆ باوانی ماندووی ریگا و دڵ برینداره‌کانمان.

کاتێک له وڵاتێک دا ده‌ژیت که‌ له گه‌ل چیرۆکه‌کانی رابردوو و رووداوه‌کانی هه‌ورازی رێگا دانه‌بڕاویت، له پڕ وه‌ بیری بانه‌مه‌ڕ و فه‌رزاد و فه‌رهاد و عه‌لی و شیرین ده‌که‌ویت. ئه‌و رۆژانه که ئێمه‌ هێشتا تامی تاڵی زیندانمان نه‌چێشتبوو. سێبه‌ری نگریسی سێداره‌ و رۆژانی سه‌ختی ئه‌شکه‌نجه‌مان نه‌بینیبوو به‌ڵام ئه‌م ناوانه هه‌ڵگری چیرۆکێکی نامۆ و پڕ له ئێش و ئازار بوون. ئه‌و رۆژانه به دوای هه‌واڵی ئه‌م دۆستانه‌مان دا ده‌ڕۆشتین و له مێشکمان دا هاوڕییه‌تی ئه‌زموونه‌کان و رووداوه‌کانی ئه‌و رۆژانه‌یان ده‌بووین. تا راده‌یه‌ک له بار و دۆخی زیندان و ده‌س به‌ سه‌ر داگرتن له‌م و له‌و هه‌ندێ شتمان بیستبوو، هه‌واڵه‌کان هه‌ر چه‌نده‌ نوێ بوون، به‌ڵام بۆن و به‌رامه‌ی چیرۆکی چه‌ندپات بوونه‌وی تراژدیاییه‌کی پێ بوو.

کاتێک له زه‌ق بوونه‌وه‌ی دڵه‌ڕاوکێ و کاتێکی دیکه له‌ چرۆ کردنی هیوا و له‌ هه‌مان کات دا ریشه‌ داکوتاندنی ئه‌و هیوایه، هیچ کات له نێو ئه‌و هه‌موو ره‌ش بینی و کاره‌ساته‌ ناخۆشانه سه‌ری هه‌ڵنادا. ئه‌و رۆژانه له گه‌ل فرمێسک و بزه‌ی ئه‌وان و بنه‌ماڵه‌کانیان هاوڕێ بووین و خۆمان له بریتی ئه‌وان داده‌نا، تا کوو بتوانین له گه‌ل خولیا و داخوازییه‌کانیان هاوڕێ بین و ره‌سته‌کانیان له دڵه‌وه‌ له ئامێز بگرین و ناسۆر و برینه‌کانیان له سه‌رووی خۆڕاگری و هیوایه‌تی بێ بڕانه‌وه‌یان بزانین. به‌ڵام هیچ کات بیرمان لێ نه‌‌کردبوه‌‌وه‌ که چاره‌نووسی خۆشمان هه‌ر هه‌مان چاره‌ نووس بێت. ئه‌م رۆژانه زیاتر و زیاتر ئه‌و بیره‌وه‌ریانه شه‌ن و که‌و ده‌که‌ین. ئه‌و رۆژانه‌ی که‌ دایکم به بیستنی ده‌نگی دایکی فه‌رزاد و له گه‌ل په‌ژاره‌ی منداڵانی فه‌رهاد فرمێسکی هه‌ڵده‌وه‌راند، هیچ کات هه‌ستمان به‌وه‌ نه‌ده‌کرد که چاوه‌ڕوانی دایک و ده‌ردی تاقه‌ت پڕووکێنی گه‌ڕان له‌ دوای منداڵه‌ به‌ند کراوه‌که‌ی چ مانایه‌کی هه‌یه‌. نه‌مانده‌زانی که فرمێسکی پاکی دایک رێگایه‌که‌ به‌ره‌و تاریکستانی به‌ندیخانه و تیشکی هیوایه بۆ خۆڕاگری منداڵه‌کانیان!

له شکاندنه‌وه‌ و چه‌مینه‌وه‌ی باوکان بۆ له سه‌ر پێ وه‌ستان و سه‌رهه‌ڵبڕینی منداڵه‌کانیان چیرۆکی زۆرمان بیستبووه. به‌ڵام هیچ کات بیرمان لێنه‌ده‌کرده‌وه‌ نه‌ده‌هات که به‌ند کردنی منداڵ له ساڵێک دا، غه‌م و په‌ژاره‌ی چه‌نده‌ها ساڵه داسه‌پێنێت به سه‌ر باوکانمان دا.

مامۆستاییه‌کی لاو له دێهاتێکی به دوور له پێداویستی، ته‌واوی هیوایه‌تی به‌رهه‌م هێنانی به‌ره‌یه‌که‌ که بتوانێ رێگایه‌ک ببڕێت که ناسۆره‌کانی کوردستان ساڕێژ بکاته‌وه‌ و مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی کورد وه‌ ده‌ست بهێنێته‌وه‌ و بۆئاوه‌دان کردنه‌وه‌ و سه‌رفرازی کورد و کوردستان تێبکۆشێت و خه‌ونی باپیرانمان بهێنێته دی.
مامۆستایک که مرۆڤی له‌ به‌ر مرۆڤایه‌تی خۆش ده‌ویست و بۆ کورد و نه‌ته‌وه‌کانی ئێران و بۆ مرۆڤایه‌تی تێده‌کۆشی.
به‌ڵام به داخه‌وه‌ ئه‌و مامۆستایه بڕیار بوو که ئیعدام بکرێت. ئێمه‌ش له‌وه‌ها بار و دۆخێک دا راپێچی زیندان کراین و به مانگه‌کان له زیندانه تاکه‌که‌سییه‌کان و به‌نده‌ ئه‌منییه‌تیه‌کان قۆڵبه‌ست کراین و ئیتر بێ ئاگا ماین له‌ هه‌واڵی مامۆستا.
ده‌ر ئه‌نجام دوای تێپه‌ڕبوونی نۆ مانگ له‌و رۆژه‌ ناخۆشه‌، ئه‌و هه‌واڵه دڵته‌زێنه‌مان بیست و ئیتر بیانوویه‌ک بوو بۆ گریان و بۆ گریان. ئه‌و رۆژانه ته‌نیا وته‌کانی ئه‌م و ئه‌و له‌گه‌لمان نه‌بوون، به‌ڵکوو تێکه‌ڵ بوو بووین به ئه‌زموونی زیندانی تاکه‌که‌سی و حوکمی سێداره‌ و ئه‌شکنجه‌ تاقه‌ت پڕووکێنه‌کان و بێ به‌ش بوون له دیداری بنه‌ماڵه و دادگاییه ناعادیلانه‌کان و چیرۆکه‌ تاڵه‌کانی به‌ندی و ئه‌ساره‌ت و وته‌ی هاوبه‌نده‌کانی فه‌رزاد و فه‌رهاد و عه‌لی که بۆ خۆمان بینیمان و هه‌ستمان پێ کردن.

زۆر به روونی نیگه‌رانی و کاته‌کانی شیرینی یه‌کتر بینین و عه‌شقیان به کورد و کوردستان و بیره‌وه‌رییه‌کانیان له‌ گه‌ل سرووشت و رۆژانی شادی قه‌ندیل و باقی کێوه‌ سه‌ربه‌رزه‌کانی وڵات و خۆڕاگری و له‌ خۆبورده‌یی و ئه‌شکه‌نجه‌ به گیان قه‌بووڵ کردن و دڵگران نه‌بوون و له‌ هه‌موویان زیاتر فه‌رزاد بوو که‌ به‌رده‌وام بزه‌ی سه‌ر لێو و پێکه‌نینه‌کانیمان ده‌بیست. له‌ گواستنه‌وه‌ و بانگ کردنیان که هه‌ر کام هه‌واڵی رووداوێک و شایه‌د دوایین هه‌واڵ و تاڵترین هه‌واڵی به دواوه‌ بوو، نیگه‌ران بووین. ئه‌و هه‌واڵه‌ی که دڵه‌ڕاوکێی ساز ده‌کرد به‌ڵام بۆ ئه‌وان وره‌ و خۆڕاگری به‌دواوه‌ بوو و رۆژانی دوایی زیاتر پێکه‌وه‌ بوونیان و شه‌وی کۆتایی باسی ئه‌و شته‌ی که‌ ئێمه له‌وه‌ دا کاڵ و کرچ بووین، بیستمان.

نازانین نزیکه‌ی سێ ساڵ له ماوه‌ی زیندان بوونمان چه‌نده‌ له ماوه‌ی نزیک به چوار ساڵه‌ی ئه‌وان ده‌چێت؟ ئه‌وان و باقی که‌سانی دیکه له‌وانه‌یه‌ به تووڕه‌یه‌وه‌ بپرسن؛ تا که‌ی درێژه‌ی ده‌بێ؟؟
کوردستان که‌م له‌م ناسۆریانه‌ی به خۆوه‌ نه‌بینیوه‌ که هه‌یمه‌نه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌سترابێته‌وه‌ به له‌ سێداره‌ دانی رۆڵه‌کانی. تا که‌ی ده‌بێ کوشتار و په‌تی سێداره‌ بوونی هه‌بێ؟ خوێن، خوین ناشۆرێته‌وه‌ و توند و تیژی به توند و تیژی ئارام نابیته‌وه‌. توند و تیژی، به‌رده‌وام تووند و تیژی زیاتری لێده‌که‌ویته‌وه‌ و خوێن رشتن، خوینی تازه‌ی ده‌وێ. تاکه‌ی ده‌نگی گوله و شین گێڕی له‌ سه‌ر ته‌رمه‌کان ده‌نگی شادی و بزم و پێکه‌نین بخنکێنێت؟ که‌ی توند و تیژی ده‌یهه‌وێ جێگای ئارامی و شادی بگرێت؟ ئه‌رێ راستی! ئاخرین هه‌واڵی نگریسی ئیعدام و سێداره‌ نه‌وه‌ی‌ کام به‌ره‌مان ده‌یبیسێت؟ ئایا رۆژێک ده‌گات که ئیتر چیرۆکی تاڵی توند و تیژی و توند و تیژپه‌روه‌ران نه‌بیستین؟
له‌ هه‌موو رۆژه‌کان و کاته‌کان، به تایبه‌تی له ساڵوه‌گه‌ڕی 19 گوڵان، که ده‌م به ئاوازه‌وه‌ ماڵئاواییان ده‌کرد، له بیرمان بێ که‌ به‌رده‌وام بۆ ژیان و بۆ گه‌یشتن به ته‌بایی و شادی ده‌بێ هه‌نگاو هه‌ڵێنین، ته‌نانه‌ت ئه‌و کاتانه‌ی که‌ وا ئه‌زموونی تاڵ و مه‌رگ خۆی سه‌پاندبێ.

یادیان به‌رز و پیرۆز بێ!

زانیار مورادی
لوقمان مورادی
زیندانی ره‌جایی شار – که‌ره‌ج

Advertisements
  1. هیچ‌ لێدوانێک نییە تا ئێستا
  1. No trackbacks yet.

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out /  گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: