ماڵه‌وه‌ > کوردی/ Kurdish, بۆ فەرزاد/ For Farzad > لەگەڵ سێ ئەستێرە/ هەندێک بیرەوەری لەگەڵ فەرزاد، عەلی، فەرهاد/ نامۆ

لەگەڵ سێ ئەستێرە/ هەندێک بیرەوەری لەگەڵ فەرزاد، عەلی، فەرهاد/ نامۆ

زیندانی دیکتاتۆران، وشەیێکی ناسراوە. شوێنێکی ناسراو بۆ ئاشتی خوازان، ئازادی خوازان، مرۆڤ دۆستان، زیندان بۆ خاوەنە بێ هەست و نزم بیرەکەی، ویستگەیی کۆتاییە بەڵام بۆ تێکۆشەرانی سەربەستی، وێستگەی تێپەڕینە. تێپەڕان بۆ قۆناغێکی نوێ لە خۆشەویستی مرۆڤ و ئازادیەکانی. زیندان بۆ خاوەنە ترسەنۆکەکانی فەوتانە، فەوتانی مرۆڤ و بیرو بڕواکانییەتی. بەڵام بەداخەوە کە دیکتاتۆران هیچ کات ئەوەندە ژیر نەبوون کە لە مێژوو دەرس وەرگرن، وەک نەخۆشێکی ئاڵزایمێری لەبیریان ئەچێتەوە کە ئەوە ماندێللا بوو بەندیخانەی کردە دەروازەی ئازادی. ئۆجالان لە ژووری تاکەکەسی دووڕگەی ئیمڕاڵیەوە توانی زاڵ بێت بەسەر دیلیەتیا و دەیان پەەرتووک و نووسراوە بنووسێت و ببێتە نموونەی بەرخۆدان لە زیندانا. فەرزاد و هەڤاڵەکانیشی لە زیندانا ڕێبازیان نواند. ڕێبازێکی پیرۆز بۆ هەموو جیهان. گەرمایی وجود و سۆز و ئەوینی ئەو شەهیدانە تا ڕادەییەک بوو کە تەنانەت ئامێرێکی سارد و سڕی وەک تەلەڤزیۆن نەیتوانی کە پێش بە تیشکی خۆرەتاوی کەسایەتی ئەوان بۆ ناو خانەی دڵ و مێشکی ئەو مرۆڤانە کە تەنیا بۆ یەک جاریش وێنەی ئەوانی دیبێ، ببێتەوە! بۆیە هەمووی ئەو کەسانە کە وێنەی فەرهاد و عەلی و فەرزادیان دیبوو، بە پیر و گەنج و ژن و پیاو و تەنانەت منداڵەکانیش، هیچ کات ناتوانن لەبیری کەن. بۆیە بە بیستنی هەواڵی شەهیدبوونیان تاسابوون. تاسانێکی شاعیرانە. ئێستا پرسیارێکم هەیە، گەلۆ ئەو کەسەی کە لە نزیکە ناسیبیێتیان و لەگەڵیان ژیابێت ئەبێت حاڵی چۆن بێت؟ ئەوان ئەبێ چۆن تاسابن؟ چۆن باسیان بکەن؟ تۆ بڵەی وەک ئەوەی بوون و هەن بتوانن باسیان بکەن؟ نا! نا! ناتوانن!

رۆژی 19ی گولانی 1389 هەتاوی بوو، دوایین جار که گوێم له دەنگی عەلی بوو نزیک به 7 ڕۆژ لەمەوبەر بوو. کاتێک که له زیندانی ئێڤینەوە به رێگای تەلیفۆنەوە قسەم ئەکرد له گەڵ فەرزاد بۆ مانگێک ئەچوو که قسەمان نەکردبوو. فەرهادیش زۆر دەمێک بوو که زەنگی لێنەدابوو، پێموابوو 2 مانگ ئەبوو که قسەمان نەکردبوو تا ئەوەی که ئەو رۆژه شوومه روویدا. 4 رۆژ پێش ئەو رۆژه نەگریسه هەواڵی ئەوانم له بنەماڵەکەیان پرسیبوو تازه دۆسیەکانیان دۆزرابووه و چوو بوو بۆ مادەی 18 له دیوانی باڵای دادی ئێران.

کاتێک له زیندان له گەڵ ئەو شەهیدانه بووم، هەمیشه پێکەنینیان به دۆسیەکەی خۆیان ئەهات و دەیانگوت، ئەونده ئەو دۆسیە درۆیینە ئەستوور کردووه که هیچ قازی و دادگایەک تاقەتی خوێندنەوەی نییه. مرۆڤ وایه، کەس تاقەتی خوێندنەوە و بیستنی شتی دریینی نییه، تەنانەت درۆزنیش دوای ماوەیەک له درۆەکانی ماندوو ئەبێت.

کاتژمێر 12:30ی نیوەڕۆی ئەو ڕۆژه بوو، تازه له دەرەوە هاتبومەوە، تلەڤزیۆنەکەم هەڵکرد، وێنەی عەلی و فەرهادو فەرزاد و شیرین و کەسێکی تر به ناوی مێهدی ئیسلامیان که تا ئەو کات ناویم نەبیستبوو یەک به یەک هاته سەر شاشەی تلەڤزیۆنەکه له پڕۆگرامێکدا که به شێوەی زیندوو بڵاو دەکرایەوە. یەکەم جار هەستم کرد که شتێک روویداوه، چۆنکه تلەڤزیۆن لەو کاتەی رۆژدا پرۆگرامی زیندووی نەبوو، بەڵام بەوه دڵخۆش بووم که شتێکی ئاسایی وەکوو هەموو جاریتر وێنەی ئیعدامیانی کورد نیشان ئەدات. له گەڵ وێنەی ئەو 5 کەسەدا موزیکێکی به سۆز بڵاو ئەبووه، مۆزیکێک که جاران بڵاو نەدەبووه و تەنیا له کاتی کارەساتێکی گەورەدا میدیاکان بڵاوی دەکەنەوە. دڵم توند توند و به شێوەیەکی نائاسایی لێیدەدا، چاوم بڕیبووە شاشەکه مەنگ ببووم، شڵەژابووم، بڵێی چی روویدابێت، له 22 زیندانی کورد که حوکمی سێدارەیان بوو و جاران وێنەی هەموو ئەو کەسانەی بڵاو ئەکردەوە تەنیا وێنەی 4 کەس بڵاو ئەبووه. له ژێر شاشەی تلەڤزیۆنەکدا ئەم هەواڵه نووسرابوو: 5 چالاکی سیاسی ئەمرۆ له ئێران له سێداره دران. دڵه تەپەکەم زۆرتر و زۆرتر ئەبوو پێشکەشکاری پرۆگرامەکە هاته سەر شاشەکه به دەنگێکی هێواش و به ڕواڵەتێکی ماتەمین دەستی کرد به قسە کردن: بەڵێ بینەرانی بەرێز بەردەوامین له پێشکەش کردنی بەرنامەی نائاسایی و قسە کردن له سەر کارەساتێکی نەتەوەیی که ئەمرۆ له زیندانی ئەەوین له شاری تاران روویدا. بەرەبەیانی ئەمرۆ 5 چالاکی سیاسی به ناوەکانی مامۆستا فەرزادی کەمانگەر، فەرهادی وەکێڵی، عەلی حەیدریان، شیرین عەلەم هولی و چالاکێکی ئێران له لایەن کاربەدەستانی رژیمی ئێران له سێداره دران. بۆ یەک چرکه تەزوویەک به لەشمدا هات و تێپەڕی وەکوو خەوێ تەواوی ئەو بیرەوەرییانەی که له گەڵ ئەو شەهیدانه بووم به خێرایەکی باوەڕنەکراو مێشکمی ئالۆز کرد.

یەکەم جار که ناوی فەرزادم بیست له گرتووخانەی 209 له تاران بووم. هەر که به چاوی بەستراوەوە کردمیانه دیوی 121، گیراوانی تر که نزیک به شەش کەس دەبوون له دەورم کۆ بوونەوە. به نەریتی گرتووخانه له تاوان و شوێنی له دایک بونم پرسیان. وتم چالاکوانی سیاسی و کوردم. که ئەوەیان بیست تێکڕا وتیان هاوشاری فەرزاده، ئەم بەیانیه لێرەوە گواستویانەتەوە بۆ سنه. سەبارەت به فەرزاد پرسیارم کرد. وتیان فەرزاد مامۆستا بوو، مامۆستایەکی خەڵکی کوردستان. له قەرەوێڵەیەکی گوشەی هەر ئەو دیوه له نهۆمی خوارەوە که شوێنی نووستنی فەرزاد بوو به ماژیکێکی سەوزی فسفۆری ئەم رەستەیه نوسرابوو: “مرۆڤ شایانی رێزه نەک بەزیی”. له ژێر رەستەکەدا نوسرابوو: فەرزادی کەمانگەر پەیامنیڕی رێکخراوەی مافی مرۆڤی کوردستان.

دیسانەوە سەبارەت به فەرزاد پرسیم. له تاوانی دەستبەسەربونی و له کەسایەتی ئەو. دوو گیراوی سیاسی فارس و ئازەری که هاوڕێی نزیکی فەرزاد بوون و زۆرتر له گەڵی ژیابوون وتیان فەرزاد مامۆستا بوو، مامۆستایەکی قارەمان که تاوانەکەی بیر و ڕامانی له هەمبەر قوتابیەکانی بوو. به جۆشێکی مەزنەوە له سەر فەرزاد ئەدوان. دوانێکی ئەفسوناوی. دوانێکی پڕ له سۆز و خۆشەویستی. فەرزاد بۆ ئەوان ئوستووره بوو، ئوستوورەی شەڕی نێوان تاریکی و روناکی، عدەاڵەت و زوڵم. شەڕی نێوان ئازادی و کۆیلە بوون. به رادەیێک که تەنانەت فەرزاد ببوه قارەمانی دۆسیەکانیان له هەمبەر دەزگای داد و وقازی و بازجو، که به دڵنیاییەوە هۆکارەکی کاریگەری رامان و کاراکتێری فەرزاد که سەر ئەوان بوو. به جۆرێک که مرۆڤ دەیتوانی فەرزاد لەواندا ببینێتەوە. هەروەها کارتێکی تەلفون به خەمیری دیان شوتن به دیواری تەنیشت قەرەوێڵەکەی چەسپاندبوو. کارتەکه وێنەی گوندی پاڵنگانی له سەر بوو، ئەو گوندەی که فەرزاد بۆ ماوەیەک لەوێ مامۆستا بوو. دووهەمین جار ناوی فەرزادم له هەمان دیو له روی ناوی دەرگای کەوانتەری دیوەکدا دی. به هەمان ماژیک و به هەمان رەنگ. ئەم رەستەیه نوسرابوو: “فەرزادی کەمانگەر، رێکەوتی دەستبەسەری 1385، پێنج مانگ و نۆ رۆژ له ژووری تاکەکەسی به تاوانی هەواڵنێری رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان.”

بۆ سێهەم جار که ناوی فەرزادم بینی له هەواخۆری بەندی 209 بوو. بڕاوەی رۆژنامه بو وێنەی دەستێک که دوو پەنجەکەی به هیوای ئازادی هەڵهێنابوو، به خەمیر به دیوارەکەوە چەسپابوو. له ژێر وێنەکەدا دیسان ناوی فەرزادی لێ نوسرابوو.

ماوەییک لە سلولی ژمارەی 73، لەو دیو سلولە تاکەکەسییەکانی 81،82،80 و 83 له کرابوونه دیوی عمومی(گشتی)، له ئەو دیوه گشتییەدا 4 زیندانی سەلەفی تێدابوون که هەر چواریان خەڵکی باشووری کوردستان بوون که بۆ ماوەیک له گەڵ فەرزاد له بەندیخانه پێکەوە بوون. له سەرزی شوفاژی ژوورەکەی خۆمدا که پشتی ئەو شوفاژه دیوی ئەو 4 کەسه بوو، توانیم له گەڵیان پێوندی بگرم، دوای ناساندی خۆم و ماوەیەک قسە کردن هەواڵی فەرزادی کەمانگەریان پرسی و کەوتنه گفتوگۆ له سەر ئەو وتیان فەرزاد ئەناسی؟ ئەزانی له کوێیه؟ بۆ ماوەی سێ رۆژ که لەو سلولەدا بووم هەموو رۆژێ فەرزادیان وبیر دەهێنایەوە و به تەواوی عاشقی فەرزاد ببون، بەو شیوه قسە کردنه ساکارانەی خۆیانەوە له سەر فەرزاد ئەدوان. یەکێکیان به ناوی یاسین دەیگوت، به راستی کاک فەرزاد حەیفه له سێداره بدرێت به وەڵلا قەسم له ژیانمدا مرۆڤێکی وەک کاک فەرزادم نەدیوه. ئەویتریان به ناوی موحسێن دەیگوت من کەم کەسم وەک کاک فەرزاد خۆشویستوه و ئامادەم له جیاتی ئەو له سێداره بدرێم.

ئەمه له کاتێکدا بوو که ئەو 4 کەسه هەرکامیان بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک له کاتی ئازاد بوونیان تێپەڕیبوو بەڵام دەزگای دادی عەدڵی عەلی ئازادیانی نەدەکرد! سەرەڕای ئازارەکانی خۆیان و ئەو هەموو بێعەداڵەتییە دەرهەق به خۆیان له بێعەداڵەتی حوکمی فەرزاد و هاوڕێکانی “دوعای شەڕیان” بۆ کاربەدستانی ئێران دەکرد و خەمبار بوون. ئەوان به تەواوی به ئێسک و پرووسکی خۆیانەوە هەستیان به شوناسی بەرزی فەرزاد کردبوو، بۆیه وا به پەرۆشەوە له خۆدا دەپاڕانەوە و دوعایان بۆ ئەکرد که رزگای بێت. هەستم دەکرد که تەواوی زیندانیانی 209 و ئەوین و تەواوی دونیا فەرزاد ئەناسن. له هەموو شوێنێکدا و له هەموو کەسێکدا ئاسەواری به جێهێشتبوو، فەرزادی به زمان و زار و هەستی هەموو کەس ئەدوا و خۆی ئەنواند و خۆی ئەناساند، له فەرزاد زۆر نزیک ببوومەوە.

فەرزاد کێیه؟ ئەم مرۆڤه کێیه که له هەموو شوێنێک ناوی هەیه؟ گیراوانی تر بەردەوام باسی دەکەن. ئەم مرۆڤه چ کەسایەتیەکی هەیه که بەم شێوەیه چۆته ناخی هەموو ئەو کەسانەی که له دەوروبەری بوون. جیاواز لەوێ که به چ زمانێک قسە دەکەن، خەڵکی کوێن و تاوانیان چیه؟ له تەواوی کاتەکاندا به درێژایی رۆژ و شەو بەردەوام به بیر دەهێندرایەوە. فەرزاد ئاوای کرد، فەرزاد ئاوا بیری دەکردەو، فەرزاد ئاوا قسەی دەکرد، فەرزاد ئاوا… ئاوا… ئاوا.

ئەتوانم بڵێم کاس ببوم. بەردەوام فەرزاد له بەر چاوم بوو. له خەیاڵی خۆمدا فەرزادم دروست کردبوو، بێ ئەوەی که فەرزادم بینیبێت، بێ ئەوەی بزان فەرزاد رواڵەتی چۆنه؟ باڵای بەرزه یان کورته باڵایه؟ رۆح و یادی فەرزاد له ماوەی ئەو سێ مانگەی که لەو دیوەدا بووم بەردەوەام لەوێ بوو. فەرزاد لەو دیوەدا به هاوکاری گیراوێکی تر سندوقێکی یارمەتی ماڵی رێ خستبوو بۆ ئەو گیراوه تازانەی که له بارودۆخی ماڵی خراپدان. من یەکێک لەو کەسانه بووم که تا ماوەیەک که توانیم له گەڵ بنەماڵەکەم پێوەندی بگرم له یارمەتی ئەو سندوقه کەڵکم وەر دەگرت. ئەوە له کاتێکدا بوو که خۆی پتر له هەموو کەسێک پێویستی به یارماتی بوو. به راستی تامەزرۆ بووم، تامەزرۆی ئاوا مرۆڤێکی ئەفسانەیی که هەمیشه خەریکی خۆبەشین و یارمەتی و مۆڕاڵ بەخشین به گیراوانی تر بوو. له شوێنێکی تلیسماوی وەک 209، له کاتێکدا که خۆشی گیراوێک بوو وەک ئەوانی تر. بەلام جادوگەرەکانی ئەو شوێنه تەنیا توانیبویان جەستەی فەرزاد لە بەند بکەن، نەک رۆحی. سەرەنجام دوای تێپەڕبونی 10 مانگ فەرزادم بینی. له هوڵی موڵاقاتی زیندانی ئەوین. هەستم به بەختەوەریەکی عاشقانه کرد. بینینی فەرزاد تووشی هەیەجانێکی مەزنی کردم. هەیەجانێک که تا کۆتایی ژیانم بەردەوامه. جەستەیێکی چکۆله بەو رۆحه بەرزەی که باسیان دەکرد. زۆر سەیر بوو، هەستم دەکرد که تەنانەت جەستەشی له بەرامبەر ناخ و هزری بەرزی فەرزاد هەست به شەرم و بچوکی دەکات، بۆیه وا خۆی چکۆله کردۆتەوە. هاوشێوەی مورید بەرامبەر موراد.

فەرزادم سێ جار له هۆڵی مولاقات بینی و هەر جار بۆ ماوەی ده خولەک قسەمان دەکرد، فەرزادیش وەکو هاوڕێکانی ئێش و ئازارێکی زۆری چێشتبو له وێنەی ئەشکەنجەی سەردەمێکی دڕندانه. به تایبەت له گرتووخانەی ئیتلاعاتی کرماشان به هۆی ئەشکەنجەی گرانی قاچەکانی له رێگارۆشتن دا توشی کێشه بوو. ناوچاوان و دەم و دیانی به گرانی کەوتبوه بەر هێرشی دڕندانەی سەربازانی گومناوی ئیمام زەمان. فەرزاد سۆمبول بوو. سۆمبولی ئاشتی و ئازار چێژان له وێنەی ماندێللا و جیڤارا.

یەکەم جار که فەرهادم بینی له بەردەم کتێبخانەی بەندی حەوت له گرتوخانەی ئەوەین بوو. مرۆڤێکی بڕێک تاس و سمێڵێکی رەش و پان به قاچێکی نوقسانەوە. مرۆڤێکی ئارام و به هەیبەت و ئامێزێکی دڵسۆز و باوکانه. تازه له گرتووخانەی رەجایی شار ناردبویان بۆ زیندانی ئەوین. به هۆی جیاوازی سالۆنەکەمان تەنیا به رۆژ له کتێبخانه دەمانتوانی یەکتر ببینین. رۆژێک له کتێبخانه کتێبی زارا ئەوینی شوان، نووسراوەی مەحمەدی قازیم دایێ. کتێبێک که باس له رووداوێکی ئەوین داری و خۆشەویستی راستەقینه له گوندێکی کوردستان دەکات. به لایەوە زۆر سەرنج ڕاکێش بوو. ئەو چیرۆکه کاریگەریەکی زۆری له سەر دانابوو. وەکوو مامۆستای وانەی ژیان له بایەخی ئەوین بۆ ژیانی مرۆڤ دەدوا و به جوانی هەستی به خۆشەویستی دنیای مرۆڤەکان دەکرد. به ڕادەیێک که دەتوانی ئەوین و سۆخێکی بێ وێنه له چاوان و قسەکانی دا هەست پێ بکەی. ئەوین و سۆز بۆ مرۆڤ و بۆ کەرامەتی مرۆڤ و بایەخە پیرۆزەکانی. ئەو چیرۆکه زۆر هانی دابوو که ئەو شوێنه ببینیت، بڕیاری دابوو که هەر کات رزگاری بێ سەردانی ئەو گونده بکات. ئەوه له کاتێکدا بوو که ئەو به تاوانی بومب گوزاری به ئیعدام حوکم درابوو. من له خۆم دەپرسم، له گەلەکەم دەپرسم و له جیهان دەپرسم، تەنانەت له کاربەدەستانی ئێران ئەم پرسیارە دەکەم، کەسێکی وەکوو فەرهاد و هەڤاڵانی بەو هەسته پاکەوە، چۆن دەتوانن مرۆڤ بکۆژن؟ چۆن دەتوانن بەرنگاری ئەوین و عەشقی مرۆڤەکان ببنەوە و ژیانیان لێ بستێنن؟

له کاتێکدا که تامەزرۆی ژیانن و هەوڵ بوژانەوەی ژیانی مرۆڤەکانی ئەدەن. هەموو مرۆڤێکی ئەوینداری ئەم جیهانه وڵامی ئەو پرسیاره دەزانێ، تەنیا خواوەندەکانی تاریکی و زوڵمەت نەبێ.

دوای ماوەیەک فەرهاد له سالۆنی چوار هات بۆ سالۆنی سێ. فەرهاد بۆ هەموان جێگای رێز بوو. تەنانەت ئەو کەسانەی تاوانێکی جیاواز له تاوانی سیاسیان هەبوو. فەرهاد مرۆڤێک بوو به رۆح و فەلسەفەیەکی شۆڕشگێڕانه له هەمبەر دیکتاتۆرەکان، به رای فەرهاد دەرندەیی و کوشتن و زیندان ماهیەتی هەموو دیکتاتۆرانه که ئێرانیش لەو شته بێبەری نییه و بەردەوام خەریکی سووکایەتی به مرۆڤەکانه، به بۆچوونی ئەو شێوه هەڵسووکەوته له لاین دەوڵەتەوە ئەبێت ببێ به هۆی سەرهەڵدانی گەل و دژی ئەو خەبات بکەن، نەک ئەوەی که تووشی ترسێکی گشتی ببن و له بەرامبەری بێ دەنگ بن بەڵکوو ئەو هەموو زوڵم و زۆره ئەبێت هاندەر و بزوێنەرێک بێت بۆ رووبەرووبونەوە نەک چۆک دادان و قەبوڵکردنی هەلومەرجەکه.

لێدانی دایکی له لایەن کاربەدەستانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی شاری سنه له کاتی خۆپێشاندانی بنەماڵەی ئیعدامیانی کورد له دژی ئیعدامی رۆڵەکانیان و بێبەش کردنی خوشکەزاکەی له خوێندن و پێشگرتنی له چوون بۆ زانکۆ له بەر هۆکاری سیاسی برا و خاڵۆی، ئازارێک بوو که فەرهاد بڕوای وا بوو که هیچ کات که یادی ناکات. خۆشەویستی فەرهاد وایکردبوو که باوکی دوای گیرانی ئەو، رۆیشتبوو بۆ باخەکەی فەرهاد له دەرەوەی شاری سنه و بڕیاری دابوو هەتا ئەو کاتەی فەرهاد ئازاد نەبێت، نەگەرێتەوە. فەرهاد هەستی به پەرۆشییەکی زۆر دەکرد که عەزیزانی له ئازارەکانی ئەودا بێبەش نین و کەوتوونەته بەر سادیسمی کاربەدەستانی ئێران.

ئێستاش ناتوانم له بیری کەم کاتێک که به تامەزرۆیەکی بێ وێنه، وێنەی گەوره بوونی ئەو نەمامانەی پیشان دەداین که پێش له گیرانی له باخەکەی به دستی خۆی ناشتبوی. ئەمه درەختی سیوه، ئەمه گوێزه، ئەمه گێڵاسه… ئەی تۆ، تۆ چ میوەیێکت پێ خۆشه؟ ئێستاش پۆستێری تەبلیغاتی کۆنسرتێکی منالانی سنەم له بەر چاو ون نابێ که وێنەی کوڕەکەی، هەورامی تێدا بوو.

چەند به حەماسەتەوە له وێنەکەی باسی جل و بەرگ و شێوەی ژەنینی؟؟ هەورامی دەکرد. فەرهاد کاتێک له زیندانی ئێڤینیش بوو، بەردەوام له لایەن ئیتلاعاتەوە دەیانبردەوە بۆ 209 و له ژێر زەخت و فشارێکی زۆردا بوو. ئەوە له کاتێکدا بوو که فەرهاد به هۆی پشت ئێشە و قاچ ئێشەوە، ژانێکی به درێژایی رۆژ و شەو ئەچێژا و پێویستی زۆری به دەرمان و پشودان بوو. بەڵام به داخەوە هیچ کات هەوڵیان بۆ نەدەدا. فەرهاد وەکوو دوو هاوڕیەکەی تری ئەشکەنجەیەکی زۆر درابوو، بەڵام ورەی بەرز و ئیمان به رێبازەکەی نەی دەهێشت که هیچ کات باسی ئەشکەنجه دەرندانەکانی بۆ هەموو کەس بکات.

قژی نەرمت وەکوو تاڵی خۆرەتاو
بە سەر شان و قۆڵی سپی و پەرش و خاو
نەغمەی شیرین ئاوازی خۆش له دەنگا
وشەی سەرت له نێو چاوێکی مەنگا

گۆرانی هونەرمەند مامۆستا نەجمەدین غوڵامیه، ئەم گۆرانیه زۆر کەس گوێ بۆ دەگرێ، هەندێک ساده و ساکار، بۆ هەندێک بیرهێنەرەوەی بیرەوەری خۆشه، بۆ هەندێکیش ناخۆش، بۆ منیش بیرەوەریه. بەڵام بۆ من بیرەوەری شەهیدێکه، شەهید عەلی حەیدەریان بەم گۆرانیه سەرسام دەبوو کاتێک که گیراوێکی سیاسی تر ئەم گۆرانیەی دەگوتەوە. هەر لەو دیوه که یەکەمجار عەلیم بینی، مرۆڤێکی باڵابەرز و له سەرخۆ و هێمن له قسە کردن و هەڵس و کەوتی زۆر هێواش و ئارام بوو. کەسێکی ساکار و بێ ڕیا و کەم قسە بوو. کەسایەتییەکی خۆشەویست و جێی رێز بۆ هاوبەندیەکانی. عەلی زۆر ورد هەستی به کەموکوڕی و ئازارەکانی گەلەکەی دەکرد و بەردەوام به هۆی پەرتەوازەی پارته کوردییەکان و لێک تێنەگەیشتنی کورد له یەک و کێشه و ناکۆکییەکانیان له هەمبەر یەک ئازارێکی مەزنی دەچێژا. عەلی بڕوایەکی هیوادارای به ڕەوایی و تێکۆشانی گەلەکەی هەبوو، به بۆچوونی ئەو تێنەگەیشتن و گوێندانی پارت و سەرکەردەکانیان له خواست و ویستی گەلی کورد گەورەترین بەربەست بوو بۆ گەیشتن به ئاواتی نەتەوەیی. له ڕوانگەی ئەودا کەسێک له شۆناسی نەتەوەیی دوور بێت هیچ کات ناتوانێت مرۆڤێکی دڵسۆز بێت بۆ خاک و نیشتمانەکەی و هیچ کات هەوڵ نادات بۆ پێشکەوتن و کەمکردنەوەی ئازاری نەتەوەکەی.

عەلی حەیدریان بایەخەکی زۆری بۆ پەروەردەکردنی منداڵان دادەنا، به بروای ئەو منداڵان بەردی بناخەی ئەو شۆناسن که ئاسۆییەکی ڕوون بۆ کۆمەڵگاکەیان مسۆگەر دەکەن. عادەت کردنی کۆمەڵگا به هەموو ئازار و کەم و کورتییەکانی و شێوەی ژیانێکی دووپاتکەرەو بۆ عەلی کارەسات بوو، کارەساتێک که نەتەوەیەک له ناو دەبات. نەبوونی هەستی بەرپرسیارەتی نەتەوەیی له ناو تاکی کۆمەڵگایەکدا به لای عەلییەوە قەیران بوو، قەیرانێک که دەتوانێ ببێته هۆکاری هەزاران خەیانەت. خەیانەت به هەموو بەهاکانی گەلێک، بۆیه به پێویستی دەزانی که پەرەپێدان و پەروەردەکردنی رۆحی بەرپرسیارەتی و خاواندارییەتی بکەوێته رۆژەڤی بەردەوامی ژیانی وڵاتێکەوه، به تایبەت وڵاتێکی داگیرکراو وەکوو کوردستان. له روانگەی عەلییەوه، بنەماڵه و قوتابخانه لەم بابەتەدا دەتوانن رۆڵی سەرەکیان هەبێ تا کوو هەموو تاکی کۆمەڵگای کوردی به هەر پێگەیەکەوە خەم و خۆشی گەلەکەی ببێته بەشێک له ژیانی.

حەزێکی تایبەتی بۆ فێر بوون بوو. به تایبەت فێربوونی زمانی ئینگلیزی. عەلی به ئیرادەیەکی بەرزەوە بەردەوام خەریکی خوێندنی زمانی ئینگلزی بوو. مامۆستاکەشی، دوکتۆرێکی دەستبەسەرکراو بوو لە هەمان بەند. لەو ماەی که له زیندان بوو هەوڵی ئەدا که له رێگای زیندانەوە بڕوانامەی دیپلۆمەکەی وەربگرێت. عەلی بۆ من واتای بوو، واتای ژیانێکی هەتاهەتایی، واتای بێ مانا بوونی مەرگ. ئێوه وڵامم بدنەوە، کۆماری سێدارەی ئێران چی و کێی له سێداره داوه؟ چ هێزێک دەتوانێ مرۆڤێک که بەو شێوەیه بەردەوام خەریکی ژیان و پێش کەوتنه و پڕه له هیوا و ئاوات و ئازادی له سێداره بدات؟

عەلی و فەرزاد و فەرهاد هەرگیز نەمردوون و نامرن، چۆنکه هیچ کات هیوا و ئازادی نامرێ. ئەوانیش لێواولێون له هیوا و ئازادی. هیوا و ئازادی بۆ وڵات، بۆ منداڵان، بۆ ژنان و بۆ ویژدان و ئەخلاقی مرۆڤایەتی.

هەم پێشنیار و تکایەکیشم هەیه بۆ مامۆستا نەجمەدینی غوڵامی، که ئەو گۆرانییه به واژۆی خۆی پێشکەش به رۆحی ئارامگرتووی شەهید عەلی بکات، هەتا ئەو گۆرانییه ببێته هێمای ئۆقره گرتنی دڵی دایکی شەهیدانی کوردستان.

عەلی بۆ دوژمنانی بڵێسه بوو، بڵێسەی ئاگرێک که هەرگیز دانامرکێت، فەرهاد باهۆز بوو، بورکانێک بوو که کۆشک و تەلاری نامەردان له ئاستی دا چۆک دادەدات. فەرزاد رۆحی نەمری قەقنەس بوو که هیچ کات نامرێت و له زیندوبوونەوەدایه. زیندوبوونەوەیەکی هەتاهەتایی. عەلی بۆ من و گەلەکەم هێمای گەیشتن به ئارامی و کەناری زەریایه دوای تۆفانێکی وێرانکەر، له وێنەی سۆنامی. فەرهاد پەناگایێک بوو، پەناگایێەکی باوکانه. فەرزادیش رێبەر بوو، رێبەرێکی نەترس و بۆێر. فەرزاد و فەرهادو عەلی مرۆڤ نەبوون، ئەوان ئایدۆلۆژیا بوون، ئازادی بوون، بیر و هزری ڕامانی سەرکەوتن بوون. دوژمنان له هەڵەدان. گەلۆ توانیان ئازادی و هزر و خۆشەویستی نیشتمان له سێداره بدەن؟ تەنانەت له سێدارەدانیشیان بوو به قەڵمبازێک بەرەو ژیانێکی سەربەست. فەرزاد و هاوڕێکانی، کولتوورێکی نوێیان له خەبات و بەرخودان رێ خست که به دڵنیاییەو تەوای مرۆڤ دۆستان و عاشقانی رێگای ئازادی دەچنه سەر ئەو رێبازه. رێبازێک که تا هەتاهەتایه له مێژوودا نامرێ.

هەتا ئەم کاتەش بەردەوام به درێژایی شەو و رۆژ بیر لەو کاره قیزوەونەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەمەوە، بەڵام هەتا ئێستاش نەمتوانیوە شرۆڤەی بکەم.

نەمتوانی بڕوا بکەم. نەمتوانی بروا بکەم به سست بوونی بنەما مرۆڤایەتیەکان هەتا ئەو ڕادەیه که مرۆڤ له بوونی خۆی هەست به شەرم بکات، شەرمێکی سامناک. کۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێران به ڕاستی هەموو جیهانیان تووشی ئەو شەرمه وێرانکەره کرد، شرمێک که دڵی هەموو مرۆڤایەتی تووشی خەمۆکی کرد. به راستی کاربەدەستانی کۆماری سێدارەی ئێران نموونەی راستەقینەی مرۆڤێکی بێ ئەخلاق و بێ پرنسیپن، چونکه هیچ کات له ئاکارێکی قیزەونی وەک ئیعدام، که سەرتاسەری ئەو وشه بێڕێزی به مرۆڤ و بەهاکانیەتی و ڕۆژانه سەدان جار ئەنجامی دەدەن شەرم نایانگرێت، شەرمێک که رێز بگرێت له فرمێسک و چاوەروانی دایک و باوک و خێزان و منداڵیک بۆ گەڕانەوەی ڕۆڵەکەی، بۆ گەڕانەوەی هاوژینەکەی، بۆ گەڕانەوەی باوکی. شەرمێک که رێز بگرێت له رۆحی بەرزی پەپوولەئاسای مامۆستایەک وەکوو فەرزاد، له هەیبتی ئێلاهیانەی باوکێک بۆ منداڵەکەی له وێنەی فەرهاد، له ئاسمانی ساماڵی دڵی هەڤاڵیک هاوشێوەی عەلی.

 کەسێک و دەسەڵاتێک وەک ئێران که تووشی پارانۆیای سیاسی بێت و هاوکات هەڵگری جۆرێک له ئایدۆلۆژیای پارانۆئیکی و سادیسمی بێت ناتوانێت وەک مرۆڤێک و دەسەڵاتێکی خاوەن سڵامەتی دەروونی، ئاسایی بێت. بۆیه بۆ داپۆشاندنی عوقدەی بچووکی و دەربڕینی هەستی سەرەنجڕاکێشیان و خۆدەرخستن له دونیای دەرەوە بەردەوام مرۆڤەکان قوربانی دەکەن، بێ ئەوەی که بیر بکاتەوە له دونیا و مرۆڤ و پێشکەوتن.

ئەمه بوو ڕێوایەتی کوڕانی رۆژ له ئاسمانی خۆشەویستی مرۆڤدا هەتا هەتایه دەێنێتەوە و ڕۆحی ئەوان زاپاتاوار له هەموو شوێن و له هەموو کاتێک له کوردستان دەمێنێتەوە و دەبنه مامۆستای وانەی ئازادی و بەرخۆدانی بۆ منداڵانی کوردستان.

سەرچاوە: ماڵپەڕی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ/ NNS ROJ

Advertisements
  1. هیچ‌ لێدوانێک نییە تا ئێستا
  1. No trackbacks yet.

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out /  گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: