ماڵه‌وه‌ > کوردی/ Kurdish, بۆ فەرزاد/ For Farzad > لە ژێر سێبەری نۆزدەی گوڵان دا زیندانیانی دیکە لە بیر نەکەین/ حاتەم مەنبەری

لە ژێر سێبەری نۆزدەی گوڵان دا زیندانیانی دیکە لە بیر نەکەین/ حاتەم مەنبەری

دوو ساڵ بە سەر رۆژی تاڵی ١٩ گۆڵانی ٢٠١٠ دا تێپەڕی. رۆژێک کە تێ دا ژمارەیەک مرۆڤی پێشەنگ و خاوەن‌ئیرادەی تێدا لە سێدارە دران. فەرزاد،شیرین،فەرهاد و عەلی کورد و چالاکی ناو بزاڤی رزگاری خوازانەی گەلەکەیان بوون.مێهدی ئیسلامیان‌یش هەرچەند ئیستاشی لەگەڵ بێ بیۆگرافییەکی روونی لێ دیار نیە دیسانیش لە گیانبەخشین دا بوو بە هاوچارەنووسی رۆڵەکانی ئێمە، بۆیە ئەبێت لە ناو ریز و دڵی ئێمەش دا جێگای تایبەتی خوی بۆ دیاری بکرێ.١

گشتلایەک دەزانن کە لەوەتەی ئەم دەوڵەتە تاوانبارانە هەن زیندانی تۆقێنەریشیان هەبووە و هەردەمیش بەشی هەرە زۆری زیندانیەکانیان کورد بوون. ئێمە دەزانین کە زۆربەی هەرەزۆری کوردەکان بە هوی بیری رزگاریخوازییانەوە کەوتوونەتە زیندانەکان و دەشزانین زۆربەی کات کوردەکان سەربەرزانە دوای سەختترین ئەشکەنجەکان بێ ئەوە تەسلیمی داوای دڕەندانەی دەسەڵاتداران بووبن ئێعدام کراون. ئەگەر بمانەوێ تەنیا زیندان و زیندانیانی سەردەمی رەشی دەوڵەتی ئیسلامی ئیستای ئێران ناو بهێنین، دەتوانین هەزاران ناوی ناسراو ریز بکەین کە تا سنووری تێپەڕین لە توانای ئینسان بەرخۆدانیان کرد و دواتر بە سەربەزیش بەرەوە پیری مەرگەوە چوون. بەڵام شەهیدانی ١٩ گوڵانی ٢٠١٠ تەنانەت ئەم سنوورەشیان تێپەڕاند. مامۆستا فەرزادی کەمانگەر و هاوڕێیانی جگە لەوە وەک گشت زیندانیانی پێش خویان ئەشکەنجە و ئازاری دڕەندانەی جەلادانیان قبووڵ کرد و نەبەزین،بەڵکە لە ناو زیندان و دەرەوەی زیندانیش دا بۆ هەموان بوونە پێشەنگ.

ئەگەر مرۆڤ ئەو رژانە بێنێتە بەر چاوی خوی بە باشی دەزانێ کە ئەوان، بە تایبەتی فەرزاد لە کەمترین مەجال و دەرفەت دا،بە سەرکەوتوانەترین شێوە توانیان پەیامی ئازادیخوازی خویان و گەلەکەیان بگەییننە دەرەوەی زیندان و کۆمەڵگەیەکی بەرینیش بکەنە هاوسەفەری خویان. کاری ئەوان هێندە گەورە بوو تەنانەت فاشیستیترین بەشی ملەتی باندەستیش نەیدەوێرا لە دژیان دەرکەوێ و وەک جارانی پێشوو قسەی دەسەڵاتداران دووپات بکاتەوە بۆیە ناچار هەوڵی چەواشەکاری نەزۆکیان ئەدا. کە بەختەوەرانە خۆڕاگریی  فەرزاد و هاورێانی و دەنگدانەوەی نیوخۆیی و جیهانیی ئەو خۆراگری و لەخۆبردووییە هەموو هەوڵێکی بۆ خەوشدارکردنی کەسایەتیان پووچەڵ کردەوە، تا ئەو ڕادەیە بە پێچەوانەی ئیعدامەکانی پێشر کە “ئێرانی‌یەکان” بە بێذەنگی بەسەریدا تێدەپەڕین، ئەمجارە فەزاکە بەشێوەیەک بوو کە تەنانەت سەڵتەنەت خوازان و خوازیارانی “یەکپارچەیی ئیران”یش یبە “دلاواران کورد”ناویان هێنا و یادیانیان پیرۆز کرد.

راستە فەرزاد و هاوڕێیانی سەربە حیزبێکی تایبەت بوون، بەڵام بە چۆنیەتی کردار و هەڵس و کەوتیان لە ماوەی زیندانیبوونیان دا توانییان سنووری تەسکی حیزبایەتی دەربازکەن و بۆ هەتایە ببنە پێشەنگ و دواتر شەهیدی هەموو خەڵکی کوردستان.مانگرتنی بەرینی رۆژی ٢٣ گۆڵانی ئەو ساڵەی خەڵکی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە وەک لاپەڕەیەکی پرشنگدار چووە ناو میژووی بزووتنەوەی ئێمەوە، زۆر بە جوانی ئەمەی بۆ هەموان دەرخست ، کە گیانبەختکردوانی ١٩ی گوڵان بوون بە شەهیدی گەل و نیشتمان و هەموو تاک و تەنانەت حیزبێک  وەک شەهیدانی نەتەوە چاویان لێکردن و ڕێزیان لە یاد و بەرخودانیان گرت.

بە بڕوای من یەکێک لە عادەتە فرە خراوەکانی ئێمەی کورد ئەوەیە کە هێندە بایەخ بە وەبیرهێناەوەی رووداوە میژوویەکان ئەدەین نیو هێندە گرنگی نادەینە ئەو شتانەی کە ئەمڕۆ ئاکتۆئێل و رۆژەڤی رۆژمانن. بۆیە زۆر دەترسم لە ژێر سێبەری یادکردنەوەی ئەم ئازیزانە و رۆژی تاڵی ١٩ گوڵان دا زیندانیانی دیکەی خومان کە هەر ئیستا لە ژێر تیغی ئێعدامی جەلادانی ئێرانی دان لە بیر کەین و بێکار و بێ دەنگ راوەستین تا رۆژی ئێعدامی ئەوانیش دەگات. ئێمە دەزانین کە ژمارەیکی زۆر(نزیک بە بیست کەس) لە رۆڵەکانی کوردستان حوکمی ناڕەواو و نائینسانی ئێعدامیان بە سەردا بڕاوە، بەڵام کەمترین زانیاریمان لە سەر ئەم کەسانە هەیە و لە راستی دا جگە لە چەند ناوێک (شێرکۆ مەعارفی، حەبیبوڵا گوڵپەریپوور،حەبئبوڵا لەتیفی و…) کە لە مێدیاکانمانەوە باسیان دەکرێ ئەوانی دیکە ون و نادیارن. ئێمە دەتوانین وێڕای هەرچێک زیاتر و بەرینتر باسکردنی ئەم رۆژە تاڵە و پێشەنگانی فیداکاری ئەم رۆژە بەپلان و بەرنامەی روونەوە بۆ دەربازکردنی رۆڵەکانی دیکەشمان لە ژێر تیغی ئێعدامی جەلادان دا کار بکەین. یەکەم کارێک کە لەم بارەوە دەتوانین بیکەی ئەوەیە کە:

 لیستێکی تەواو و تەکمیل بە گشت زانیارییەکەوە،وەک ناو،تەمەن،پیشە،کاتی گیران،شوێنی زیندانیبوون، رێکەوتی سزا بە سەرداسپان و… لەم ئازیزانە ئامادە بکەین. ئیمزا و پشتیوانی تێکڕای حیزب و لایەنەکانی لە ژێردەین و بۆ رای گشتی بڵاوی کەینەوە. ئەتوانین ئەم لیستەیە بە شێوەی دایمی لە سەر گشت سایتە کوردییەکان دا دانین.(زیاتر لە چوار ساڵە یەکێک لە رۆژنامەکانی سوێد ”ئێکسپرێسێن” هەموو رۆژێک وێنەی رۆژنامەوانێکی گیراوی سوێدی – ئیرێتێریایی بە ناوی “داویت ئیساک” بڵاو دەکاتەوە و رۆژەکانیش دەژمێرێ کە ئەو لە زیندانە. دیارە مەبەستیان ئەوەیە کە داویت لە بیر و پێش چاوی خەڵک بهێڵنەوە) ئێمە بە هاسانی ئەتوانین ئەم لیستەیە لەگەڵ داوایەکی مەعقوول و گونجاو بنێرین بۆ ئەمنێستی ئینتێرناسیۆناڵ و شوێنە جیهانیەکانی دیکە و داوای پێشگیری لە ئێعدامکردنی ئەم کەسانەیان لێ بکەین. تەلەڤیزیۆنە کوردییەکانیش ئەتوانن هەموو رۆژێک جارێک بە تەرتیپ ناوی ئەم کەسانە بخوێننەوە و نەهێڵن لە سێبەری رووداوەکانی دیکە دا بشاردرێنەوە.

ئەم داوایە نە زۆرە و نە دژوار. ئەوەی بیهەوێ لە دڵەوە بۆ دەربازکردنی ئەم ئینسانە شەریفانە لە مەرگ، کار بکات ئەتوانێ ئەم داخوازییەش بە هی خوی بزانێ و کاری بۆ بکات. دیارە هیچ گارانتییەک نیە کە ئەم کارە بتوانێ بە ئاکامی دڵخوازی ئێمە بگات، بەڵام هەنگاوێکی گرنگ و عەمەلیە کە ئەتوانێ جێ بە جێ بکرێ.

با وێڕای بیرهێنانەوێ رۆژی تاڵی ١٩ رەشەمە و رێزلێنان لە مامۆستا فەرزاد و ئازیزانی زیندانی دیکەشمان لە بیر بن و هەوڵ بۆ رزگارکردنیان بدەین.

٢٠١٢-٥-٦

١= ئەوەندەی لەسەر تۆڕی ئینتێرنێت لەسەر مێهدی ئیسلامیان زانیاری هەیە، ناوبراو خەڵکی شیراز بوە و برایەکی بەناو موحسێن ئیسلامیان تاوانبار بە تەقاندنەوەی “حسینیە”یەک لە شیراز بەناوی “رهپویان” بوە. تاوانی میهدی ئەوە بوە گۆیا پاش تەقینەوەی ئەو مزگەوتە، هاوکاریی براکەی کردوە کە هەڵ بێت. دواتر موحسین دەگیرێت و لە ٢١ی مانگی گولانی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی لەگەڵ دوو کەسی دیکە بەناوەکانی “روزبە یحیازادە” و “عەلی ئەسغەر پوشتە”  ئیعدام دەکرێن. بەڵام حکوومەت دەس لەسەر مێهدی هەڵناگرێ و بەهۆی بەربەرەکانێ‌یەک کە لە زیندان و لە ژێر ئەشکەنجە لەخۆی نیشانی دەدات، حکوومەت حکووکمی ئیعدامی بەسردا دەسەپەێنێ. مێهدی لە زیندان و تا کاتی ئیعدام کردنی وەک زیندانی‌یەکی خۆڕاگر ناوی دەرکردە. ئێمە دەتوانین ئەم ڕاستی‌یە لە نامەیەک کەلە زیندانەوە بۆ سکرتێری گشتیی ئەوکانی نەتەوە یەکگرتوەکان (کوفی عەنان) ناردبووی ،هەروەها لە وەسیەت نامەکەیدا ،ببینین. ڕاستی ئەوەیە کە ئەو تاوانەی کە حکوومەت وەپاڵی میهدی دابوو، تەنانەت بە یاسا وەحشیانەکانی حکوومەتی ئیسلامیش، سزای ئیعدام نەبوو. بۆیە کوشتنی میهدی نیشان لە خۆڕاگریی لە زیندان و دژبەر بوونی بە حکوومەت دەدا. یادی پیرۆز بێت.

Advertisements
  1. هیچ‌ لێدوانێک نییە تا ئێستا
  1. No trackbacks yet.

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out /  گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: