ماڵه‌وه‌ > نامەکان/ the letters > که‌سایه‌تی و نامه‌کانی عه‌لی حه‌یده‌ریان و هاوڕێکانی

که‌سایه‌تی و نامه‌کانی عه‌لی حه‌یده‌ریان و هاوڕێکانی

عه‌لى حه‌یده‌ریان: ئه‌مه‌ داستانى که‌سێکه‌ که‌ پێش ئه‌وه‌ى بزانێ منداڵى چییه‌ ده‌گاته‌ لاوێتى و به‌ر له‌وه‌ى تام و چێژی لاوێتی بڕژێته‌ زاری، له‌به‌ر لێوارى مه‌رگدا راده‌وه‌ستێ.”
رۆژی 9ی گوڵانی 2010 پێنج گه‌نجى ئازادیخواز له‌ به‌ره‌به‌یاندا له‌ زیندانى ئه‌وینى تاران له‌ سێداره‌دران. عه‌لی حه‌یده‌ریان و چوار هاوڕێی دیکه‌ی به‌ناوه‌کانی فه‌رزاد که‌مانگه‌ر، شیرین عه‌له‌‌مهولی، فه‌رهاد وه‌کیلى و مه‌هدى ئیسلامیان
ماوه‌یه‌ک به‌ر له‌ 9ی گوڵانی 2010 دادگای کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ماوه‌ی 7 خوله‌کی دادگاییکردندا بڕیاری سزای سێداره‌ی به‌سه‌ر 5 لاوی رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا سه‌پاند. یه‌کێک له‌وانه‌ عه‌لی حه‌یده‌ریان بوو.
به‌ر له‌ سێداره‌درانیان تێکۆشه‌رانی کورد به‌ نامه‌ی به‌رفراوان بانگه‌وازییان له‌ هه‌موو رای گشتی جیهانی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان کرد که‌ رژێمی ئێران له‌ هه‌وڵی کرده‌یه‌کی نامرۆییانه‌دایه‌ و هه‌ر به‌ڕێگه‌ی ئه‌و نامانه‌یان ئامانج و که‌سایه‌تیی و هه‌ڵوێستی خۆیان له‌به‌رامبه‌ر به‌ کرداره‌کانی رژێمی ئێران ده‌رخسته‌ ڕوو. هه‌وڵ ده‌ده‌ین رۆژانه‌ ناسنامه‌ و که‌سایه‌تی و هه‌روه‌ها نامه‌ی هه‌ریه‌ک له‌ تێکۆشه‌رانه‌ بڵاو بکه‌ینه‌وه‌”

عه‌لی حه‌یده‌ریان کێیه‌ ؟

عه‌لى حه‌یده‌ریان رۆژى 21 ی ئه‌یلولی 1979 له‌ شارى سنه‌ له‌ دایکبووه‌. ساڵى 2008 به‌ مه‌به‌ستى نه‌شته‌رگه‌رى سه‌ردانى شارى تاران ده‌کات و ماوه‌یه‌ک له‌و شاره‌دا ده‌مێنێته‌وه‌ تا ئه‌و کاته‌ی له‌ ئێواره‌ى رۆژى 18 ی ته‌مووز له‌لایه‌ن چه‌ند پۆلیسێک یاخود چه‌ند پیاوێکی مه‌ده‌نیپۆشی سه‌ر به‌ رژێم ده‌ستگیر ده‌کرێت.

حه‌یده‌ریان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى ده‌ستگیرانییه‌وه‌ رووبه‌ڕووى دژوارترین ئه‌شکه‌نجه‌ لێدانی کاره‌با، قامچى و که‌ره‌سته‌کانی دیکه‌ی ئه‌شکه‌نجه‌ بۆته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش به‌شێکى گه‌وره‌ى ژیانى مه‌رگ ئاساى چه‌ند ساڵه‌ی ئه‌م لاوه‌ کورده‌ پێک ده‌هێنێ. هه‌موو رۆژێک ئه‌م جه‌سته‌ زامدار و لاوازه‌ ده‌خه‌نه‌ ژێر ناجوامێرانه‌ترین ئه‌شکه‌نجه‌وه‌ و ئه‌وه‌، که‌ نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌و وه‌ڵامه‌ى لێى ده‌گه‌ڕێن ده‌ستى بخه‌ن. رۆژێک له‌و‌ رۆژه‌ سه‌ختانه‌ له‌ کاتى ئه‌شکه‌نجه‌ و ئیعترافگیریدا تووشى خوێن رێژى ده‌بێ و کاتێ پزیشکى گرتووخانه‌‌ بۆى چاره‌سه‌ر نابێ، به‌ ناچار ده‌یبه‌نه‌ ده‌رمانخانه‌یه‌کی ده‌ره‌وه‌ و له‌وێدایه‌ که‌ عه‌لى حه‌یده‌ریان پاش دوو حه‌فته‌ تازه‌ ده‌زانێ له‌ کوێیه‌ و ئه‌م ئه‌شکه‌نجه‌خانه‌یه‌ی ژوورى 209ى به‌ندیخانه‌ى ئه‌ڤین بووه‌.

دوواى چه‌ندین مانگ ئه‌شکه‌نجه‌ عه‌لى حه‌یده‌ریان ڕه‌وانه‌ى گرتووخانه‌یه‌کى شارى کرماشان ده‌کرێت، ئه‌مه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ ئه‌و لاوه‌ کورده‌ هێشتا نازانێ بۆ گیراوه‌ و تاوانى چییه‌. حه‌یده‌ریان بۆ ماوه‌ى دوو مانگ له‌وێدا راده‌گیرێ و دیسانه‌وه‌ ئه‌شکه‌نجه‌ و ئازارى رۆحى و ده‌روونی دیسانه‌وه‌ بێ هیوابوون له‌ وه‌چنگخستنى وه‌ڵامى د‌ڵخوازو پاش، به‌ حوکمى دادگا جارێکى دیکه‌ به‌ره‌و‌ به‌ندى 209ى زیندانى ئه‌ڤین ده‌گوازرێته‌وه‌.

عه‌لى حه‌یده‌ریان پاش نۆ مانگ، ‌رێگاى پێ ده‌درێ بۆ چه‌ند خوله‌کێک به‌ ته‌له‌فۆن له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌که‌ى قسه‌ بکا و ‌هه‌واڵى زیندووبوونى خۆی به‌ که‌سوکاری رابگه‌یه‌نێ.

له‌ مانگى حوزێرانی ساڵى2007دا ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ به‌ندیخانه‌ى ناوه‌ندى سنه‌ و پاش دوو مانگ دیسانه‌وه‌ به‌ خۆى و په‌ره‌وه‌نده‌ بێ سه‌ره‌نجامه‌که‌یه‌وه‌ به‌ره‌و تاران به‌ڕێ ده‌کرێ و، کاتێ که‌ ئیتر به‌ ته‌واوى لێى ناهومێد ده‌بن، زه‌خت ده‌خه‌نه‌ سه‌ر بنه‌ماڵه‌که‌ى و برایه‌کى ده‌گرن و له‌ ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا ده‌ستێکى بۆ ماوه‌ى چه‌ند مانگێک له‌ کار ده‌که‌وێ. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا زیندانى ره‌جایى شه‌هرى که‌ره‌جیش ده‌بینێ و سه‌ره‌نجام پاش نزیکه‌ى 18 مانگ له‌ لقى 30ى دادگاى شۆڕشدا بێ ئه‌وه‌ى هیچ مه‌جالێک بۆ به‌رگرى له‌خۆکردن وه‌ربگرێ “له‌ ماوه‌یه‌کى کورتى چه‌ند خۆله‌کیدا به‌ تاوانى ئه‌ندامه‌تى له‌ پارتى کرێکارانى کوردستان سزاى له‌سێداره‌دانى به‌سه‌ردا سه‌پێندرا.

حه‌یده‌ریان له‌ ساڵى 2008 بۆ جێبه‌جێکردنی بڕیارى له‌ سێداره‌دانه‌که‌ى له‌گه‌ل‌ 29 که‌سى دیکه‌ ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ زیندانى ئه‌ڤین، به‌ڵام ئه‌وانى دیکه‌ که‌ هه‌موویان حوکمى جیایان له‌ سه‌ر بووه‌ له‌ سێداره‌ ده‌درێن و ته‌نیا ئه‌م ده‌هڵێنه‌وه‌ و دیسانه‌وه‌ ده‌یگێڕنه‌وه‌ بۆ به‌ندى 209 و بۆ ماوه‌ى شه‌ش مانگ له‌وێدا راده‌گیرێ. له‌ دواى ئه‌و ماوه‌یه‌ جارێکى دیکه‌ بۆ زیندانی ره‌جایى شه‌هر ده‌گوێزێته‌وه‌ و دیسانه‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌چوونى سزاى سێداره‌ ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ به‌ندى 240ى به‌ندیخانه‌ى ئه‌ڤین و له‌ چاوه‌ڕوانى مه‌رگدا ده‌یهێڵنه‌وه‌ تا ئه‌وه‌یکه‌ سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مڕۆ له‌ گرتووخانه‌ى ئێوین له‌ شارى تاران له‌ گه‌ل 4 گیراویترى سیاسى له‌ سێداره‌ درا.

نامه‌که‌ی عه‌لی حه‌یده‌ریان

به‌ر له‌ واده‌ی له‌سێداره‌دانی، نامه‌یه‌ک بۆ هاوڕێ و که‌سوکاره‌که‌ی ده‌نووسێت. له‌ سه‌ره‌تاى نامه‌که‌دا ده‌ڵێ: “من عه‌لى حه‌یده‌ریانم. رۆژى یه‌کى مانگى ره‌زبه‌‌رى ساڵى 1358ى هه‌تاوى (واتا 1979ی زاینی) له‌ شارى سنه‌دا له‌ دایک بووم. دانیشتووى ئه‌و شاره‌ بووم و هه‌ر له‌وێشدا ژیاوم. ساڵى 1385 (2006)به‌ مه‌به‌ستى نه‌شته‌رگه‌رى چووم بۆ تاران و ماوه‌یه‌ک له‌م شاره‌دا ژیام که‌ ئێواره‌ى رۆژى بیست وهه‌شته‌مى مانگى گه‌لاوێژ له‌ لایه‌ن چه‌ند لیباس شه‌خسییه‌که‌وه‌ قۆڵبه‌ست کرام و به‌ره‌و شوێنێکى نادیار برام.”

حه‌یده‌ریان پاشان له‌ نامه‌که‌یدا چۆنیه‌تى ره‌فتارو بێ رێزیکردنى لێکۆڵه‌ره‌کان باس ده‌کا و ده‌ڵێ: ” دواى ئه‌وه‌ى که‌ چووینه‌ حه‌سارى بینایه‌کى نه‌ناسه‌وه‌، ئه‌و مه‌ئموورانه‌ى منیان قۆڵبه‌ست کردبوو ئه‌وه‌نده‌یان ته‌حه‌مول نه‌بوو که‌ له‌ ژوورى لێپرسینه‌وه‌دا سووکایه‌تییه‌کانیان ده‌ست پێ بکه‌ن و یه‌ک له‌وان دواى ده‌رهێنانى کۆت و هه‌ڵکردنى قۆڵه‌کانی، په‌تى پێڵاوه‌کانى توند کردوو و به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ به‌ره‌و لاى منى که‌له‌پچه‌کراو هات و له‌ ناکاو شه‌قێکى توندى تێ سره‌واندم و به‌ عه‌رزى دادام…”

ئه‌م زیندانییه‌ کورده‌ پاشان به‌ وردى هه‌موو ئه‌و حاڵه‌تانه‌ له‌ ئه‌شکه‌نجه‌ و سووکایه‌تیکردنى پۆلیس و کاربه‌ده‌ستانی زیندان ده‌گێڕێته‌وه‌ که‌ هه‌ر له‌ حه‌وشه‌ى گرتووخانه‌وه‌،‌ تا ژووره‌کانى لیپرسینه‌وه‌ پێى ره‌وا ده‌بینن و پاش ئه‌وه‌ى له‌وێ هیچیان وه‌گیر ناکه‌وێ سوارى ئۆتۆمبیلى ده‌که‌ن و به‌ چاوبه‌ستراوى به‌ره‌و جێگایه‌کى دیکه‌ى ده‌به‌ن و له‌ کاتى رۆیشتن به‌ره‌و ئه‌و شوێنه‌دا به‌رده‌وام لێیده‌ده‌ن و سوکایه‌تی پێ ده‌که‌ن. ته‌نانه‌ت کاتێ ناو و ناسناوى لێ ده‌پرسن ئه‌وه‌نده‌ى دیکه‌ تووڕه‌یى خۆیانى پێ ده‌ڕێژن.

عه‌لی حه‌یده‌ریان وه‌ها ده‌یگێڕێته‌وه‌ ” یه‌کێک له‌وانه‌ بۆ ده‌سپێکى لێپرسینه‌وه‌که‌ پرسیارى لێ کردم خه‌ڵکى کوێی؟ و منیش له‌ وه‌ڵامدا وتم خه‌ڵکى سنه‌م و کوردم. هێشتا قسه‌که‌م ته‌واو نه‌بوو که‌ سێ چوار مشتى تێ کوتام. چونکه‌ به‌ باوه‌ڕى ئه‌و کورده‌کان هه‌موو جوداییخوازن و سه‌به‌بى پشێوى و دواکه‌وتویى وڵاتن.” پاشان که‌ ده‌زانن جگه‌ له‌ کوردبوون، سونى مه‌زهه‌بیشه‌، خراپتر به‌رده‌بنه‌ گیانى و هه‌ر به‌ده‌م رێگاوه‌ ده‌یانه‌وێ بزانن که‌ ئه‌گه‌ر سونییه‌ بۆ ناوى عه‌لى یه‌ و له‌ بنه‌ماڵه‌ی حه‌یده‌ریانه‌. وه‌ک بڵێى ئه‌مه‌ش یه‌کێک بێت له‌ تاوانه‌ گه‌وره‌‌کانی.

پۆلیسه‌کانی ده‌وڵه‌ت سه‌رئه‌نجام عه‌لى حه‌یده‌ریان ده‌گه‌یه‌ننه‌ جێگایه‌کى دیکه‌ و له‌ ده‌رگاى حه‌وشه‌وه‌ وه‌ژوور ده‌که‌ون و ده‌یسپێرنه‌ ده‌ست جه‌ماعه‌تێکى دیکه‌ که‌ به‌ وته‌ى ئه‌و ژوورى لێپرسینه‌وه‌یان بۆ رازاندبۆوه‌ و ده‌ڵێت: ” دواى ئه‌وه‌ بردمیانه‌ ژوورێکه‌وه‌ له‌ سه‌ر کورسییه‌ک دایاننام و لێکۆڵه‌ره‌که‌ به‌رانبه‌رم له‌سه‌ر سه‌نده‌ڵییه‌ک (کورسی) دانیشت. یه‌کێکى دیکه‌ که‌ ده‌زگایه‌کى ته‌زووهێنه‌رى ئه‌لکترۆنى پێ بوو له‌ ته‌نیشتمه‌وه‌ راوه‌ستا. لێکۆڵه‌ره‌که‌‌ بێ ئه‌وه‌ى تێم بگه‌یه‌نێ تاوانم چییه‌، هێشتا پرسیاره‌که‌ى ته‌واو نه‌بوبوو که‌ ئه‌وى دیکه‌ به‌و ته‌زووهێنه‌ره‌ ئه‌لکترۆنیکییه‌ له‌ هه‌موو شوێنه‌ حه‌ساسه‌کانى جه‌سته‌م، وه‌ک ده‌موچاو و گوێ و سه‌رى په‌نجه‌کانى ده‌کوتا و ده‌یویست یه‌ک چرکه‌ش ماتڵ نه‌که‌م و وه‌ڵامى بده‌مه‌وه‌. ده‌یان جار له‌ عه‌زره‌تى ئازارى ئه‌و ته‌زووهێنه‌ره‌ ئه‌لکترۆنییه‌ وه‌ڵامى وام به‌ هه‌ندێ له‌ پرسیاره‌کان داوه‌ته‌وه‌ که‌ به‌باشى تێیان نه‌گه‌یشتووم.” عه‌لى حه‌یده‌ریان ده‌گێڕێته‌وه‌ که‌ سه‌ربارى ئه‌و هه‌موو ئازاره‌، ‌ قامچى و فه‌لاقه‌شى بۆ ئاماده‌ ده‌کرێ و هه‌ر له‌و ژووره‌دا بێ ڕه‌حمانه‌ قامچى بارانى ده‌که‌ن و له‌و کاره‌دا ئه‌وه‌نده‌ وه‌ستایانه‌ زه‌برى قامچییه‌کان دا‌ده‌گرن که‌ وه‌ک پزیشکێکى شاره‌زا هه‌موو جێگه‌ حه‌ساسه‌کانى جه‌سته‌ى ده‌ناسن.

یه‌کێک له‌ لێکۆڵه‌ره‌وه‌کان: خوداى ئێره‌ منم و ژیانى تۆ به‌ ده‌ستى منه‌

به‌رنامه‌ى ئه‌شکه‌نجه‌دان و تێکشکاندن هه‌ر به‌رده‌وامه‌ و له‌ نیوه‌ى شه‌ودا دیسان سوارى ماشێنى ده‌که‌ن و به‌ره‌و جێگایه‌کى دیکه‌ى ده‌به‌ن و، له‌وێشدا ده‌سته‌یه‌کى پێنج که‌سى به‌رده‌بنه‌ گیانى و دیسانه‌وه‌ لێدان و ته‌زووى ئه‌لکترۆنى و پرسیارى بێ بڕانه‌وه‌. له‌وێدا ئه‌وپه‌ڕى دڕنده‌یی خۆیانى پێ نیشان ده‌ده‌ن و ده‌یانه‌وێ هه‌موو نینۆکه‌کانى ده‌ربێنن پێێ ده‌ڵێن : “ئه‌گه‌ر ئه‌و وه‌ڵامه‌ى ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ وه‌رینه‌گرین، هه‌موو نینۆکه‌کانت ده‌ردێنین.” دوا به‌ دواى ئه‌م قسه‌یه‌ بازجووه‌کان ده‌ست ده‌کهن به‌ ده‌رهێنانى نینۆکه‌کانى ده‌ستى و سه‌ختترین ئازارى پێ ده‌چێژن و ئازاره‌کانى دیکه‌ى له‌ بیر ده‌بنه‌وه‌ و به‌وه‌ش رازى نابن و ته‌ختى عه‌زرى ده‌که‌ن و ئینجا به‌ر کاره‌باى ده‌ده‌ن و زیاتر له‌ چاره‌که‌ سه‌عاتێک له‌و حاڵه‌ته‌دا رایده‌گرن.

ئه‌مه‌ ئیتر به‌شێکى گه‌وره‌ى ژیانى مه‌رگ ئاساى ئه‌م لاوه‌ کورده‌ پێک ده‌هێنێ و، هه‌موو رۆژێک ئه‌م جه‌سته‌ زامدار و لاوازه‌ ده‌خه‌نه‌ ژێر ناجوامێرانه‌ترین ئه‌شکه‌نجه‌کان و ئه‌وه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ هێشتا نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌و وه‌ڵامه‌ى لێى ده‌گه‌ڕێن ده‌ستى بخه‌ن. رۆژێک له‌و‌ رۆژه‌ سه‌ختانه‌ له‌ کاتى ئه‌شکه‌نجه‌ و ئیعترافگیریدا تووشى خوێن رێژى ده‌بێ و کاتێ پزیشکى ئه‌و گرتووخانه‌یه‌ بۆى چاره‌سه‌ر نابێ، به‌ ناچار ده‌یبه‌نه‌ ده‌رمانگایه‌کى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و شوێنه‌ و له‌وێدایه‌ که‌ عه‌لى حه‌یده‌ریان پاش دوو حه‌فته‌ تازه‌ ده‌زانێ له‌ کوێیه‌ و ئه‌م ئه‌شکه‌نجه‌گایه‌ ژوورى 209ى به‌ندیخانه‌ى ئه‌وینه‌.

گرتووخانه‌ى کرماشان

چه‌ندین مانگ ئه‌م دۆخ و حاڵه‌تانه‌ به‌رده‌وامه‌ و هێشتا لێکۆڵه‌ره‌کان نه‌یانتوانیوه‌ به‌ڵگه‌یه‌کى ته‌واو له‌ سه‌ر عه‌لى حه‌یده‌ریان به‌ ده‌ست بێنن، بۆیه‌ ناچار ده‌بن بینێرنه‌ گرتووخانه‌یه‌کى شارى کرماشان، ئه‌مه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ ئه‌و لاوه‌ کورده‌ هێشتا نازانێ بۆ گیراوه‌ و تاوانى چییه‌. گرتووخانه‌ى کرماشان گه‌لێک له‌ ئه‌ڤینى تاران خه‌مهێنه‌رتره‌: ” وه‌زعى ئه‌م گرتووخانه‌یه‌ زۆر له‌ گرتووخانه‌ى پێشوو خه‌مهێنه‌رتر بوو. بینایه‌کى کۆن بوو که‌ به‌ چه‌ند پلیکان ده‌چووێته‌ خواره‌وه‌ و ده‌گه‌یشتییه‌ ژووره‌ تاکه‌که‌سییه‌کان. سلوله‌که‌ى من له‌ کۆتایى ساڵۆنێکى ته‌نگ و تاریکدا بوو، پاناییه‌که‌ى که‌مێک له‌ پانایى شانه‌کانم زیاتر بوو به‌ڵام درێژییه‌که‌ى هه‌ر به‌ قه‌د باڵاى خۆم بوو. کاتێ چوومه‌ نێو سلوله‌که‌وه‌ هه‌ستم کرد له‌ نێو تابووتێکى به‌ردینه‌دام، له‌وێدا هه‌وا نه‌بوو و ده‌نگى که‌س به‌ که‌س نه‌ده‌گه‌یشت…”

عه‌لى حه‌یده‌ریان بۆ ماوه‌ى دوو مانگ له‌وێدا راده‌گیرێ و دیسانه‌وه‌ ئه‌شکه‌نجه‌ و ئازارى رۆحى و ره‌وانى و دیسانه‌وه‌ بێ هیوابوون له‌ وه‌چنگخستنى وه‌ڵامى د‌ڵخوازو پاش ،حوکمى دادستانى جارێکى دیکه‌ به‌ره‌و‌ به‌ندى 209ى به‌ندیخانه‌ى ئه‌ڤین ده‌گوازرێته‌وه‌ و ئه‌م سووڕه‌ بێ ده‌سکه‌وته‌ هه‌ر به‌رده‌وامه‌ و ته‌نیایى و بێ ئاگایى له‌ دنیاى ده‌ره‌وه‌ ئازارێکى کوشنده‌ى گه‌وره‌تره‌ له‌ ئازارى جه‌سته‌….ئه‌و له‌ کاتێکدا له‌ بێ تاوانبوونى خۆى دڵنیاییه‌ و ویژدانى به‌وه‌نده‌ ئاسووده‌یه‌ که‌ هیچ کارێکى نایاسایى نه‌کردووه‌ و ئه‌مه‌ش تروسکه‌ى هیوا له‌ دڵیدا زیندوو راده‌گرێ، به‌ڵام ده‌بێ به‌ چ تاوانێک ئه‌و هه‌موو زه‌جر و ئازاره‌ى دیبێ؟ بۆ خۆى ده‌ڵێ:” هه‌موو ئه‌و شتانه‌ له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان ده‌گرت که‌ من له‌ ناوچه‌یه‌کى جوگرافیایى تایبه‌تدا له‌ دایک ببووم”.

عه‌لى حه‌یده‌ریان پاش نۆ مانگ، ‌رێگاى پێ ده‌درێ بۆ چه‌ند ساتێک به‌ ته‌له‌فۆن له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌که‌ى قسه‌ بکا و ‌هه‌واڵى زیندووبوونى خۆى پێیان رابگه‌ینێ.

له‌ مانگى حوزه‌یرانی ساڵى 2007 دا ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ به‌ندیخانه‌ى ناوه‌ندى سنه‌ و پاش دوو مانگ دیسانه‌وه‌ به‌ خۆى و په‌ره‌وه‌نده‌ بێ سه‌ره‌نجامه‌که‌یه‌وه‌ به‌ره‌و تاران به‌ڕێ ده‌کرێ و، کاتێ که‌ ئیتر به‌ ته‌واوى لێى ناهومێد ده‌بن، زه‌خت ده‌خه‌نه‌ سه‌ر بنه‌ماڵه‌که‌ى و برایه‌کى ده‌گرن و له‌ ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا ده‌ستێکى بۆ ماوه‌ى چه‌ند مانگێک له‌ کار ده‌که‌وێ. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا به‌ندیخانه‌ى ره‌جایى شه‌هرى که‌ره‌جیش ده‌بینێ و سه‌ره‌نجام پاش نزیکه‌ى 18 مانگ له‌ لقى 30ى دادگاى شۆڕشدا بێ ئه‌وه‌ى هیچ مه‌جالێک بۆ به‌رگرى له‌خۆکردن وه‌ربگرێ “له‌ ماوه‌یه‌کى کورتى 10 ده‌قه‌ییدا به‌ تاوانى ئه‌ندامه‌تى له‌ پارتى کرێکارانى کوردستانى تورکیه” بڕیارى ئێعدامى بۆ ده‌رده‌که‌ن.

عه‌لى حه‌یده‌ریان ده‌ڵێ: “کاتێ داواى به‌ڵگه‌ و هۆکاره‌کانى ئه‌م بڕیاره‌م له‌ قازى دادگا کرد پێى وتم ،که‌ حوکمى په‌روه‌نده‌ سیاسییه‌کان له‌ لایه‌ن ئۆرگانه‌ ئه‌منییه‌تییه‌کانه‌وه‌ ده‌رده‌چێ و من ته‌نیا حوکمه‌که‌م پێ راگه‌یاندووی!.”

ئه‌گه‌رچى ساڵى 2008 بۆ به‌ڕێوه‌بردنى بڕیارى له‌ سێداره‌دانه‌که‌ وێڕاى 29 که‌سى دیکه‌ ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ به‌ندیخانه‌ى ئه‌ڤین، به‌ڵام ئه‌وانى دیکه‌ که‌ هه‌موویان حوکمى جیایان له‌ سه‌ر بووه‌ له‌ سێداره‌ ده‌درێن و ته‌نیا ئه‌م ده‌هڵێنه‌وه‌ و دیسانه‌وه‌ ده‌یگێڕنه‌وه‌ بۆ به‌ندى 209 و بۆ ماوه‌ى شه‌ش مانگ له‌وێدا راده‌گیرێ. له‌ دواى ئه‌و ماوه‌یه‌ جارێکى دیکه‌ بۆ به‌ندیخانه‌ى ره‌جایى شه‌هر ده‌گوێزێته‌وه‌ و دیسانه‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌چوونى حوکمى سێداره‌ ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ به‌ندى 240ى به‌ندیخانه‌ى ئه‌ڤین و له‌ چاوه‌ڕوانى مه‌رگدا ده‌یهێڵنه‌وه‌ به‌ڵام له‌وێش به‌ زیندوویى ده‌یگێڕنه‌وه‌.

عه‌لى حه‌یده‌ریان له‌ کۆتایى نامه‌که‌یدا ده‌ڵێت: ئه‌مه‌ داستانى که‌سێکه‌ که‌ پێش ئه‌وه‌ى بزانێ منداڵى چییه‌ ده‌گاته‌ لاوێتى و به‌ر له‌وه‌ى تام و چێژی لاوێتی بڕژێته‌ زاری، له‌به‌ر لێوارى مه‌رگدا راده‌وه‌ستێ.”

ANF NEWS AGENCY

Advertisements
:هاوپۆله‌کاننامەکان/ the letters
  1. هیچ‌ لێدوانێک نییە تا ئێستا
  1. 22/12/2012 له‌ 13:40

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out /  گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: