ماڵه‌وه‌ > نامەکان/ the letters > که‌سایه‌تى و نامه‌کانى فه‌رزاد که‌مانگه‌ر و هاوڕێکانى

که‌سایه‌تى و نامه‌کانى فه‌رزاد که‌مانگه‌ر و هاوڕێکانى

فه‌رزاد که‌مانگه‌ر مامۆستا، نوسه‌ر، چالاکى مه‌ده‌نى و ژینگه‌ پارێزى کورد، کاتێک که‌ هه‌واڵى سزاى له‌سێداره‌دانیان پێ ڕاگه‌یاندبوو، به‌و په‌ڕى خۆشحاڵیه‌وه‌ سروودى ئه‌ى شه‌هیدانى وتبووه‌.
رۆژى 9ى گوڵانى 2010 پێنج گه‌نجى ئازادیخواز له‌ به‌ره‌به‌یاندا له‌ زیندانى ئه‌وینى تاران له‌ سێداره‌دران. عه‌لى حه‌یده‌ریان و چوار هاوڕێى دیکه‌ى به‌ناوه‌کانى فه‌رزاد که‌مانگه‌ر، شیرین عه‌له‌‌مهولی، فه‌رهاد وه‌کیلى و مه‌هدى ئیسلامیان ماوه‌یه‌ک به‌ر له‌ 9ى گوڵانى 2010 دادگاى کۆمارى ئیسلامى ئێران له‌ماوه‌ى 7 خوله‌کى دادگاییکردندا بڕیارى سزاى سێداره‌ى به‌سه‌ر 5 لاوى رۆژهه‌ڵاتى کوردستاندا سه‌پاند. یه‌کێک له‌وانه‌ عه‌لى حه‌یده‌ریان بوو.  به‌ر له‌ سێداره‌درانیان تێکۆشه‌رانى کورد به‌ نامه‌ى به‌رفراوان بانگه‌وازییان له‌ هه‌موو راى گشتى جیهانى و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان کرد که‌ رژێمى ئێران له‌ هه‌وڵى کرده‌یه‌کى نامرۆییانه‌دایه‌ و هه‌ر به‌ڕێگه‌ى ئه‌و نامانه‌یان ئامانج و که‌سایه‌تیى و هه‌ڵوێستى خۆیان له‌به‌رامبه‌ر به‌ کرداره‌کانى رژێمى ئێران ده‌رخسته‌ ڕوو. هه‌وڵ ده‌ده‌ین رۆژانه‌ ناسنامه‌ و که‌سایه‌تى و هه‌روه‌ها نامه‌ى هه‌ریه‌ک له‌ تێکۆشه‌رانه‌ بڵاو بکه‌ینه‌وه‌ :

مامۆستا فه‌رزاد که‌مانگه‌ر

فه‌رزاد که‌مانگه‌ر له‌ ساڵى 1976 له‌ شارى کامیاران له‌ دایک بووه‌. 12 ساڵ کارى وانه‌وتنه‌وه‌ی کردووه‌، ئه‌ندامى ده‌سته‌ى نووسه‌رانى مانگنامه‌ى ڕویان، سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ى شارى کامیاران و ئه‌ندامى ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى ئه‌نجومه‌نى ژینگه‌پارێزی” ئاسک” له‌ ڕێکه‌وتى 18ى ئابی 2006 به‌ مه‌به‌ستى دابین کردنى ده‌رمان بۆ دایکی، سه‌ردانى شارى تاران ده‌کات. هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ ‌له‌گه‌ڵ دوو چالاکیترى کورد به‌ ناوه‌کانى فه‌رهاد وه‌کیلى و عه‌لى حه‌یده‌ریان له‌لایه‌ن هێزه‌کانى ئیداره‌ى ئیتلاعاته‌وه‌ ‌ده‌ستبه‌سه‌ر کران. مامۆستا فه‌رزاد و هاوڕێیانى ماوه‌ى 16 مانگ له‌ ‌ژووره‌کانى تاکه‌که‌سى ئیتلاعات له‌ ‌شاره‌کانى کرماشان، سنه‌و تاران ڕووبه‌ڕووى دژوارترین ئه‌شکه‌نجه‌ بوونه‌وه‌.

دواتر له‌ مانگى حوزێرانی 2007 دا مامۆستا فه‌رزاد که‌مانگه‌ر له‌لایه‌ن لقى 30 دادگاى شۆڕشى شارى تاران به‌تۆمه‌تى ئه‌ندامیه‌تى پارتى کرێکارانى کوردستان PKK، ‌له‌گه‌ڵ فه‌رهاد وه‌کیلى و عه‌لى حه‌یده‌ریان له‌دادگایه‌کى نمایشیدا که‌ته‌نیا 7 خوله‌کى خایاند، سزاى له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا سه‌پێندرا، کاتێک مامۆستا فه‌رزاد له‌سزاکه‌ى ئاگادار ده‌که‌نه‌وه‌، به‌و په‌ڕى خۆشحاڵیه‌وه‌ سروودى ئه‌ى شه‌هیدان ده‌ڵێته‌وه‌. دواتر ئه‌و سزایه‌ ‌له‌ ‌لایه‌ن دیوانى باڵاى ڕژێم ئه‌رێ کرا. که‌ تا ساته‌وه‌ختی له‌ سێداره‌دانی، چه‌ندین جار ده‌برێته‌ به‌ر په‌تی سێداره‌ و دوای ده‌خه‌ن.

هه‌رچه‌نده‌ به‌مه‌به‌ستى پشتیوانى کردن له‌مامۆستا فه‌رزاد که‌مانگه‌ر له‌ئاستى نێو ده‌وڵه‌تى و وه‌زاره‌تى وڵاتان و ڕێکخراوه‌ پیشه‌یى و مه‌ده‌نیه‌کان تا ئێستا به‌سه‌دان لایه‌ن پشتیوانى خۆیان له‌فه‌رزاد که‌مانگه‌ر ده‌ربڕیبوو و خوازیارى ڕاگرتن و ئازاد کردنى ئه‌و گیراوه‌ کورده‌بوون، به‌ڵام کاربه‌ده‌ستانى ڕژێم که‌ به‌رده‌وام پێداگرى له‌سه‌ر سیاسه‌تى گوشار و له‌ناوبردنى کوردان ده‌که‌ن سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مڕۆ مامۆستا فه‌رزاد که‌مانگه‌ر له‌ گرتووخانه‌ى ئه‌وین له‌ سێداره‌درا.

لێگه‌رێن با دڵم لێ بدا

نامه‌ى فه‌رزاد که‌مانگر

چه‌ندین مانگه‌ له‌ زیندانم، ئه‌و زیندانه‌ى وا دانرابوو وره‌ وعیشق و ئینسانبوونم تێک بشکێنێ‌. ئه‌و زیندانه‌ى که‌ بڕیار بوو وه‌ک به‌رخۆڵه‌یه‌کى هێمن ده‌سته‌مۆ و گوێ‌ له‌ مستم بکا. چه‌ندین مانگه‌ به‌ندیى گرتووخانه‌یه‌کم که‌ دیوارى به‌رزن وه‌کوو به‌ژنى مێژوو. ئه‌و شوورانه‌ى که‌ بڕیار بوو مه‌ودایه‌ک بن له‌ نێوان من و ئه‌و خه‌ڵکه‌ى خۆشم ده‌وێن، له‌ نێوان من و منداڵانى نیشتمانم مه‌ودایه‌ک بن تاهه‌تایی. به‌ڵام ئه‌من هه‌موو رۆژێ‌ له‌ رۆچنه‌ى دیوه‌ تاکه‌که‌سیه‌که‌م ڕا، بۆ دووره‌ ده‌ست ده‌ڕۆیشتم و هه‌ستم ئه‌کرد له‌ نێویاندام و ئه‌وانیش ژانى خۆیان له‌ ناخى ئه‌منى به‌ندى دا ده‌دۆزییه‌وه‌ و به‌ندیخانه‌ پێوه‌ندییه‌کى گه‌ڵى قووڵتر له‌ رابردووى له‌ نێوماندا پێکهێنابوو.

وادانرابوو ئه‌نگوسته‌چاوى زیندان، واتاى تیشک و هه‌تاوم لێ‌ زه‌وت بکا، به‌ڵام ئه‌من له‌ زینداندا چاوه‌ڕوان بووم گوڵه‌ وه‌نه‌وشه‌ له‌ تاریکى و بێده‌نگى دا باڵا بکا.

وادانرابوو به‌ندیخانه‌ چه‌مکى کات و بایه‌خه‌که‌ى له‌ مێشکم دا بسڕێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌من له‌ ده‌ره‌وه‌ى به‌ندیخانه‌ زۆر ژیاوم و دیسان هاتوومه‌وه‌ دنیا بۆ هه‌ڵبژاردنى رێیه‌کى نوێ‌ و ئه‌منیش وه‌ک به‌ندییه‌کانى پێش خۆم به‌ گیان و دڵ سووکایه‌تى و بێ‌حورمه‌تى و ژان و ئازارم کڕیوه‌ به‌ڵکوو ئه‌من دوایین که‌س بم له‌ کاروانى ئه‌و نه‌وه‌ ئازار چێشتوانه‌ى که‌ به‌ تاسه‌ و عیشقى دیتنه‌وه‌ى کازیوه‌ تاریکایى به‌ندیخانه‌یان له‌ دڵیاندا راگرتبوو.

به‌ڵام رۆژێ‌ به‌ “محارب” له‌ قه‌له‌م درام و پێیان وابوو من شمشێرم له‌ خواى ئه‌وان هه‌ڵ‌کێشاوه‌ (شه‌ڕم به‌ “خوا”یان فرۆشتوه‌) و په‌تى عه‌داڵه‌تیان چنى تا سیوادى به‌یانییه‌ک کۆتایى به‌ ژیانم بێنن و له‌و رۆژه‌ نادڵخوازه‌وه‌ چاوه‌ڕوانى راپه‌ڕاندنى ئهو بڕیاره‌م. به‌ڵام ئه‌مرۆ که‌ بڕیاره‌ گیانم بگرن به‌ خۆشه‌ویستیى خه‌ڵکه‌وه‌ لێبڕاوم ئه‌ندامه‌کانى جه‌سته‌ى خۆم ببه‌خشم به‌و نه‌خۆشانه‌ى که‌ مه‌رگى من گیانیان وه‌به‌ر ده‌نێته‌وه‌ و دڵیشم به‌ هه‌موو ئه‌و “ئه‌وین و خۆشه‌ویستییه‌ى که‌ تێیدایه‌، به‌ منداڵێکى ده‌به‌خشم. گرینگ نیه‌ له‌هه‌ر کوێ‌ بێ‌ له‌ لێوارى چه‌مى کارون یا له‌ بنارى سه‌به‌لان یا له‌ قه‌راغ بیابانى که‌ویرى خۆرهه‌ڵات یا ئه‌و منداڵه‌ى چاوه‌ڕوانه‌ له‌ بستووى زاگرۆسه‌وه‌ هه‌تاو هه‌ڵبێ‌.

با دڵى بێ‌ ئۆقره‌ و یاخیى من له‌ سینگى منداڵێک دا لێ‌ بدات، یاخیتر له‌ خۆم باسى ئاره‌زووکانى خۆى بۆ مانگ و ئه‌ستێران بکا و ئه‌وان بکاته‌ شایه‌تێک بۆ ئه‌وه‌ى کاتێ‌ گه‌وره‌بوو خه‌یانه‌ت به‌ خولیاکانى منداڵیى خۆى نه‌کات. دڵم له‌ سینه‌ى یه‌کێکدا لێ‌ بدات که‌ بۆ ئه‌و مناڵانه‌ بێ‌ ئۆقره‌ بێ‌ واشه‌وانه‌ سه‌رى برسى ده‌نێنه‌وه‌ سه‌ر سه‌رین و یادى “حامید” قوتابیه‌ شازده‌ ساڵه‌که‌ى شاره‌که‌ى من له‌ دڵیدا زیندوو رابگرێ‌ که‌ نووسیی: “بچووکترین ئاره‌زووى من له‌م ژیانه‌دا وه‌دى نایه‌” و خۆى هه‌ڵواسی.

لێگه‌رێن با دڵم له‌ سینه‌ى یه‌کێک دا لێ‌ بدا، گرینگ نیه‌ به‌ چ زمانێک قسان ده‌کا یا ره‌نگى پێستى چ ده‌بێ‌، هه‌ر مناڵى کرێکارى بێ‌ که‌ ده‌سته‌ زبر و قه‌ڵشیوه‌کانى باوکی، بڵێسه‌ى هه‌ڵچوون رابوونێکى نوێ‌ له‌ هه‌مبه‌ر نایه‌کسانیه‌کاندا له‌ دڵیدا زیندوو رابگرێ‌.

دڵم له‌ سینه‌ى منداڵێک دا لێ‌ بدات که‌ سبه‌ینێیه‌کى زۆر دوور نا، ببێته‌ مامۆستاى گوندێکى بچووک و هه‌موو رۆژێک ده‌م به‌یانیان منداڵه‌کان به‌ بزه‌ى پشکووتووى جوانه‌وه‌ به‌ پیرییه‌وه‌ بین و له‌ شادى و یارییه‌کانیان به‌شى بده‌ن. ره‌نگ بێ‌ ئه‌وکات منداڵان تامى برسێتى و هه‌ژارى هه‌ر نه‌زانن و له‌ دنیاى ئه‌وان دا وشه‌گه‌لی، به‌ندیخانه‌ و ئه‌شکه‌نجه‌ و ناهه‌قى و نایه‌کسانى ماناى نه‌بێ‌.

لێگه‌رێن با دڵم له‌ قوژبنێکى ئه‌م دنیا به‌رینه‌تان دا لێ‌ بدا، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ و ئاگا لێى بێ‌، که‌ ئه‌وه‌ دڵى مرۆڤێکه‌ که‌ زۆربه‌ى قسه‌ى نه‌وتراوى خه‌ڵک و نیشتمانه‌که‌ى خۆى هه‌ڵ گرتووه‌. خه‌ڵکێک که‌ مێژووه‌که‌ى لێوانێوه‌ له‌ ئازار و ژان و حه‌سره‌ت.

لێگه‌رێن با له‌ سینه‌ى منداڵێک دا لێ‌ بدا دڵم به‌یانى یه‌ک له‌ قوڕگێکه‌وه‌ و به‌ زمانى زگماکیم هاوار بکا.

من ده‌مه‌وێ‌ ببمه‌ بایه‌ک

خۆشه‌ویستى مرۆڤ به‌رم

بۆ گشت سوچى ئه‌م دونیایه‌

فه‌رزاد که‌مانگه‌ر زیندانى ره‌جایى شارى که‌ره‌ج

8ى به‌فرانبارى 1387ی هه‌تاوی

 

 

 

Advertisements
:هاوپۆله‌کاننامەکان/ the letters
  1. هیچ‌ لێدوانێک نییە تا ئێستا
  1. 22/12/2012 له‌ 13:40

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out /  گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: