ماڵه‌وه‌ > نامەکان/ the letters > که‌سایه‌تی و نامه‌ی فه‌رهاد وه‌کیلی و هاوڕێیانی

که‌سایه‌تی و نامه‌ی فه‌رهاد وه‌کیلی و هاوڕێیانی

رۆژى 9ى گوڵانى 2010 پێنج گه‌نجى ئازادیخواز له‌ به‌ره‌به‌یاندا له‌ زیندانى ئه‌وینى تاران له‌ سێداره‌دران. عه‌لى حه‌یده‌ریان و چوار هاوڕێى دیکه‌ى به‌ناوه‌کانى فه‌رزاد که‌مانگه‌ر، شیرین عه‌له‌‌مهولی، فه‌رهاد وه‌کیلى و مه‌هدى ئیسلامیان ماوه‌یه‌ک به‌ر له‌ 9ى گوڵانى 2010 دادگاى کۆمارى ئیسلامى ئێران له‌ماوه‌ى 7 خوله‌کى دادگاییکردندا بڕیارى سزاى سێداره‌ى به‌سه‌ر 5 لاوى رۆژهه‌ڵاتى کوردستاندا سه‌پاند. یه‌کێک له‌وانه‌ش فه‌رهاد وه‌کیلی بوو. 

به‌ر له‌ سێداره‌درانیان تێکۆشه‌رانى کورد به‌ نامه‌ى به‌رفراوان بانگه‌وازییان له‌ هه‌موو راى گشتى جیهانى و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان کرد که‌ رژێمى ئێران له‌ هه‌وڵى کرده‌یه‌کى نامرۆییانه‌دایه‌ و هه‌ر به‌ڕێگه‌ى ئه‌و نامانه‌یان ئامانج و که‌سایه‌تیى و هه‌ڵوێستى خۆیان له‌به‌رامبه‌ر به‌ کرداره‌کانى رژێمى ئێران ده‌رخسته‌ ڕوو. هه‌وڵ ده‌ده‌ین رۆژانه‌ ناسنامه‌ و که‌سایه‌تى و هه‌روه‌ها نامه‌ى هه‌ریه‌ک له‌ تێکۆشه‌رانه‌ بڵاو بکه‌ینه‌وه‌ :-

فه‌رهاد وه‌کیلى له‌ ‌دایکبووى شارى سنه‌ ، دواى چه‌ند ساڵ ئه‌شکه‌نجه‌ى سه‌خت له‌زیندانه‌کانى سنه‌، کرماشان و تاران سه‌رله‌به‌یانى رۆژی 9ی گوڵانی 2010 له‌ گرتووخانه‌ى ئه‌وین له‌ سێداره‌درا، فه‌رهاد وه‌کیلى له‌دایکبووى شارى سنه‌ و خاوه‌ن 3 منداڵ، جێگرى پێشووى به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی کشتوکاڵى شارنى سنه‌ دواى چه‌ند مانگ ئه‌شکه‌نجه‌ى گران له‌زیندانه‌کانى سنه‌، کرماشان و تاران. فه‌رهاد وه‌کیلى له‌مانگی ئاداری 2007 له‌لقى 30 دادگاى شۆڕشى شارى تاران به‌سه‌رۆکایه‌تى قازى تیاراماى به‌تاوانى محاربه‌ و ئه‌ندامیه‌‌تى له‌ ته‌ڤگه‌رى ئازادى گه‌لى کورد سزاى له‌سێداره‌دانى به‌سه‌ردا سه‌پا و سه‌رله‌به‌یانى رۆژی 9ی گوڵانی 2010 له‌ گرتووخانه‌ى ئه‌وین له‌ سێداره‌درا.

نامه‌ی منداڵه‌کانی فه‌رهاد بۆ باوکیان

فه‌رهاد خاوه‌ 3 منداڵه‌ به‌ ناوه‌کانى هێنگامه‌، هه‌ورام و هه‌وراز، منداڵه‌کانى ئه‌و گیانبه‌ختکردووه‌ کورده‌ له‌ ڕێکه‌وتى 13ى ئادار 2010 نامه‌یه‌کیان بۆ باوکیان نووسى له‌ زیندانى ئه‌وین لێرده‌دا سه‌رنجتان بۆ سه‌ر ئه‌و نامه‌یه‌ ڕاده‌کێشین.

شار به‌ ته‌واوه‌تى بێ ده‌نگى دایپۆشیوه‌، و ویژدانێکى بێدار نیه‌ که‌ ده‌نگه‌ کپکراوه‌کانى سنگمان ببیستێت. ده‌نگى هاوار و ناڵه‌ى ئه‌و منداڵانه‌ى که‌ له‌ دوورى باوکیان قۆڵپى گریانیان له‌ ناخدا په‌نگیداوه‌ و له‌ بێ ده‌نگى شاردا پرسیارى بۆچی؟ ده‌که‌ن.

باوکى ئازیز ئێمه‌ ئه‌م ڕۆژانه‌ به‌ بێ تۆ چۆن به‌سه‌ر به‌رین؟ چۆن بتوانین بۆنى خۆشى ژیان هه‌ست پێبکه‌ین؟ ئاخۆ به‌ بێ بوونى تۆ ده‌توانین ڕاستى ژیان وه‌ربگرین و هه‌ستى پێبکه‌ین؟ چۆن بتوانین سۆزى گه‌رمى ده‌سته‌کانت هه‌ست پێبکه‌ین و بزه‌ پێ‌ ڕه‌مز و ڕازه‌کانت ببینین و هه‌ستى پێبکه‌ین؟ له‌ نه‌بوونى تۆدا چ که‌سێک ده‌توانێت وانه‌ و په‌ندى باوکانه‌مان فێر بکات؟

باوکى ئازیز به‌ بێ تۆ گه‌رمى هه‌تاو و ڕوناکى مانگه‌شه‌و بۆمان مانایه‌کى نابێت. شه‌وانه‌ کاتێک که‌ نه‌بوونى دێته‌ سۆراغمان، چاو له‌ ئاسمانى پێ‌ ئه‌ستێره‌ ده‌که‌ین و بیر له‌وه‌ ده‌که‌ینه‌وه‌ ئاخۆ باوکمان له‌ گرتووخانه‌ ده‌توانێت ئه‌ستێره‌کان ببینێت؟ ئاخۆ ده‌توانێت ئه‌ستێره‌ى ئازادى وبه‌خته‌وه‌رى ئێمه‌ ببینێت؟ باوکى ئازیز وه‌ڵامى ئه‌م پرسیارانه‌ کێ ده‌یداته‌وه‌ و ئاخۆ که‌سێک هه‌یه‌ که‌ به‌رپرسیاریه‌تى ئه‌و گله‌ییانه‌ى منداڵانێک که‌ به‌ ناچارى له‌ باوکیان دوور خراونه‌ته‌وه‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆ؟

باوکى ئازیز بێ تۆ، ژیان بێ مانا و هیچه‌، وه‌کى ئه‌وه‌ى له‌ چاخى به‌سته‌ڵه‌ک دا بژین و پێکه‌نینه‌کانمان وه‌کوو دیوارى بتۆنیه‌. بێ تۆ ڕێگاى ژیانمان له‌ ده‌ریاى ژیاندا ونکردووه‌ و که‌شتى ژیانمان که‌شتیوانى نیه‌.

باوکه‌ گیان ئه‌مه‌ چووار به‌هاره‌ که‌ ساڵى نوێ به‌جێى سه‌رسه‌وزى و بۆنى خۆشى شکۆفه‌کانى به‌هاری،ژیانمان به‌ ڕه‌نگى زه‌رد و بۆنى غه‌م دایگرتووه‌.ئه‌مه‌ چووار به‌هاره‌ بۆ سه‌رى ساڵى نوێ سفره‌ى هه‌فت سینمان نیه‌، چونکو تۆ لێره‌ نیت تا دوعای” یامه‌قله‌بول قلوب ولئه‌بسار” مان بۆ بخوێنیت،تۆ لێره‌ نیت تا له‌ لاى کتێبى قۆرئانه‌که‌ ئه‌سکه‌ناسى نوێ وه‌ک نه‌ورۆزانه‌ بده‌یت پێمان و بمانگریته‌ باوه‌شى گه‌رمى باوکانه‌ته‌وه‌ به‌ ماچه‌ شیرینه‌کانت ساڵى نوێمان لێ پیرۆز بکه‌یت. به‌داخه‌وه‌ که‌ نیت و له‌ هه‌موان به‌ ئازارتر ئه‌وه‌ى که‌ ده‌زانین که‌ له‌سفره‌که‌ى هه‌فت سینى تۆدا شتێک جگه‌ له‌ دیوارى بتۆنى نیه‌. ئه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وه‌مان زانیوه‌ که‌ تۆ له‌ ماوه‌ى ئه‌م چه‌ند ساڵه‌دا ساڵى نوێ به‌ سفره‌ى هه‌فت سین،ژوورى تاکه‌که‌سی،لێپرسینه‌وه‌ى به‌رده‌وام، دژوارترین ئه‌شکه‌نجهکان،سروودى ته‌نیایی،سێبه‌رى شوومى دیواره‌کانى زیندان،سنگى پێ‌ له‌ ده‌رد و ئازار، نه‌ورۆز پیرۆز ده‌که‌یت؟ باوکه‌ گیان نامانه‌وێت به‌م قسانه‌ دڵته‌نگت بکه‌ین، به‌ڵام چى بکه‌ین ڕاستى ناتوانرێت بشاردرێته‌وه‌. باوکى به‌ڕێز به‌و کاره‌ى به‌رانبه‌ر به‌و تۆ به‌ ئێمه‌ کردوویانه‌ له‌م ساڵانه‌دا گه‌یشتووینه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ى که‌ هه‌ر مرۆڤێکى تاوانبار پێویسته‌ که‌ دادگایى بکرێت و ئێمه‌ بکه‌رانى ئه‌و جودا بوونه‌وه‌ له‌ دادگاکانى ناخماندا به‌ دادوه‌رى ویژدان دادگایى ده‌که‌ین.

پرسیار له‌ ئێوه‌ ده‌که‌ین ویژدانه‌ بێداره‌کانى ئه‌م شاره‌، تاوانى ئێمه‌ چیه‌؟ که‌ له‌ ته‌مه‌نى منداڵیدا ده‌بێت ئاوه‌ها ئه‌زمونێکى تاڵ بچێژین؟ تاوان کامه‌یه‌ و تاوانبار کامه‌یه‌؟

نامه‌ی فه‌رهاد وه‌کیلی

فه‌رهاد وه‌کیلى له‌نامه‌یه‌که‌دا که‌چه‌ند مانگێک به‌ر له‌ له‌سێداره‌درانی نووسیبووى به‌م شێوه‌یه‌ باسى سزاى له‌سێداره‌دان ده‌کا:

یاده‌وه‌رى من پاش مردن یاده‌وه‌رییه‌ ‌له‌گه‌ڵ شه‌هیدان، مردن بۆ من واتاى دووباره‌ ‌بوونه‌وه‌یه‌، یانێ دڵ به‌ئه‌ڤین سپاردن، یانێ له‌دایکبوون. که‌ ته‌مه‌نى من یانێ درێژایى مه‌وداى نێوان دوو ئیستگه‌،‌‌که‌وابوو گه‌یشتنم به‌ئامانج خه‌ونێکى یه‌کجار مه‌زنه‌، چوونکه‌ من و گه‌له‌‌که‌م، ئازیزان و منداڵان و هه‌ڤاڵانم له‌م جیهانه‌دا بێ پشت وپه‌نا بووین، به‌ڵام هیواى نه‌پشکوتوى من له‌م سه‌فه‌ره‌دا که‌ده‌زانم به‌ره‌و کوێ ده‌ڕۆم و چیم ده‌وێ، به‌شوێن مردندا ڕام ده‌کێشێ. ڕه‌نگه‌ پاش مه‌رگى من و له‌گه‌ڵ‌ مه‌رگى من، خوێنى مرۆڤێک که‌ داهاتوو وه‌ک شه‌هیدى داده‌نێ، پشتگرییه‌ک بێت بۆ گه‌لم، نیشتمانم و منداڵه‌کانم…

ئیتر بۆنى یاس، نێرگز و نه‌سته‌ره‌ن، بۆ لاى خۆیانم ڕاناکێشن، چوونکه‌ من بۆخۆم ئیستگه‌یه‌کم بۆ بۆنکردنى نه‌رگس، یاس و نه‌سته‌ره‌ن.

مه‌رگ واته‌ ئه‌وین ، فڕین بۆ ئاسمان ، ڕۆیشتن ، مه‌رگ یانێ ده‌ست له‌ دونیا بوونه‌وه‌‌ ، مه‌رگ واته‌ لانه‌وازى ، دوورى بۆ هه‌میشه‌ له‌ یاران ، مه‌رگ یانێ سه‌فه‌رى بێ گه‌ڕانه‌وه‌ ، یه‌ک که‌لام مه‌رگ یانێ مه‌رگ ،به‌ڵام هه‌ر چه‌نده‌ له‌لاى من له‌ مه‌رگ بدوێن هیچ دڵم پێى ناله‌رزێ ،مه‌رگ ئه‌گه‌ر ئه‌ژدیهایه‌ وه‌ک مێرووى بێ ئازاره‌ له‌ دڵى مندا ،مه‌رگ به‌خته‌وه‌رێکه‌ وه‌ک دیارى دۆستان ، چونکه‌ بۆ گه‌لى خۆمه‌ .دواى مه‌رگمه‌ که‌ من وێڕاى یادى شه‌هیدان دێمه‌وه‌ بیر . مه‌رگ بۆ من یانێ ژیانى سه‌ر له‌ نوێ ، یانى دڵ دۆڕاندن به‌ ئه‌وین ،واته‌ له‌ دایک بوون ، ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نى من قه‌راره‌ ببێته‌ سه‌فه‌رى نێوان دوو مه‌نزڵان که‌ وابوو گه‌یشتن به‌ مه‌نزڵ ده‌بێته‌ ئاواتێکى زۆر گه‌وره‌ى وه‌دینه‌هاتووى من و گه‌له‌که‌م و خۆشه‌ویسته‌کانم، جه‌گه‌رگۆشه‌کانم و یارانم له‌و دونیایه‌ بێ پشت و په‌نایییه‌ماندا،ئێمه‌ که‌ ده‌زانین بۆکوێ ده‌چین و‌ چیمان ده‌وێ هه‌ر بۆیه‌شه‌ که‌ له‌گه‌ڵ مه‌رگ ده‌سته‌و یه‌خه‌ین . به‌شکه‌م دواى من ، مه‌رگى من و ئه‌و مرۆڤانه‌ که‌ داهاتووان به‌ شه‌هید نێویان ده‌به‌ن ببێته‌ پشتیوانێک بۆگه‌له‌که‌م ، بۆ نیشتیمانم و ڕۆڵه‌کانم … ئه‌گه‌ر قه‌راره‌‌ شه‌پۆلى ئه‌و گێژاوه‌‌ بێره‌ و به‌وێمدا بدا و بێجگه‌ له‌ هێندێک‌ ئێسک و پروسک له‌ پاشم به‌ جێ نه‌مێنێ ، دیسان من به‌ دڵ ،مه‌رگ ده‌ ئامێز ده‌گرم ،که‌ ئه‌وه‌ مه‌رگ نییه‌ به‌ڵکو به‌ڵێن و په‌یوه‌ندى نه‌پچڕاوه‌ ‌ ده‌ نێوان من و ڕابردووان و داهاتووانى مندا . که‌ وابوو له‌و ئه‌سپه‌ که‌ دونیا بێ داده‌به‌زم و ڕوو ده‌ ئه‌وین ده‌که‌م .چیدى به‌رامه‌ى گوڵ و ڕێحانه‌ و نه‌رگز بۆ لاى خۆیانم ڕاناکێشن له‌به‌رئه‌وه‌ى خۆم ده‌بمه‌ کانگاى به‌رامه‌یان و من بۆهه‌میشه‌ خۆم له‌ چنینى گوڵان بێ به‌رى ده‌که‌م چونکه‌، له‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م که‌ جوانترین چه‌پکه‌ گوڵ له‌ لایه‌ن باشترین مرۆڤ ده‌درێن به‌ من . ئه‌و ڕێبازه‌ ئه‌گه‌ر چى سه‌خت و دژوار وتاڵ بوو ،به‌ڵام کۆتایییه‌کى شیرین ده‌بێ ، دڵم گیراوه‌ له‌ ده‌ست دونیا ، له‌ چنگ مه‌کر‌ه‌کانى ، زوڵمه‌کانى ، و بێ عه‌داله‌ته‌کانى ، شانى ماندووم تواناى هه‌ڵگرتنى بارى قورسى به‌رپرسیاره‌تى هیچى دیکه‌ى نه‌ماوه‌ .باوه‌ڕبکه‌ن که‌ ده‌ توانامدا نییه‌ ، نازانن که‌ چها دژواریم کێشاوه‌. له‌و ڕۆژه‌وه‌ هه‌ستم کردووه‌ که‌ میراتگرى خوێنى شۆڕشگێرانم و چها شه‌ونخوونیم به‌ خۆوه‌ دیوه‌‌, له‌و کاته‌وه‌ که‌شاهیدیم بۆ پاکى کچانى زاگرۆس داوه‌ و بوێرى کوڕانى ئارارات و قه‌ندیلم په‌سه‌ند کردووه‌ ، چ دژوار بوو که‌ قورسایى شاهۆشم وه‌ئه‌ستۆگرت ، که‌ وابوو ده‌بێ ئه‌ویندار بى . هۆى ماندوو بوونم ده‌ درێژه‌دانى ڕێباز‌دا نابینم ،به‌ڵکو ترسى له‌ کیس دانى ئه‌و هه‌موو خۆشى و بایه‌خانه‌ هه‌ڵیگرتووم که‌ ئێستا وه‌ده‌ستم که‌وتوون.

Advertisements
:هاوپۆله‌کاننامەکان/ the letters
  1. هیچ‌ لێدوانێک نییە تا ئێستا
  1. 22/12/2012 له‌ 13:40

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out /  گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: