ماڵه‌وه‌ > نامەکان/ the letters > که‌سایه‌تی و نامه‌کانی شیرین عه‌له‌م هولی و هاوڕێکانی

که‌سایه‌تی و نامه‌کانی شیرین عه‌له‌م هولی و هاوڕێکانی

ئه‌مڕۆ هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ ساڵڕۆژى له‌ سێداره‌دانى 5 گه‌نجى ئازادیخواز که‌ له‌ به‌ره‌به‌یانى ڕۆژى 19 ى گووڵانی ساڵى 1389 هه‌تاوى له‌ زیندانى ئه‌وینى تاران له‌ سێداره‌دران. فه‌رزاد که‌مانگه‌ر، شیرین عه‌له‌‌مهولی، عه‌لى حه‌یده‌ریان و فه‌رهاد وه‌کیلى چوار ڕۆڵه‌ى قاره‌مانى گه‌لى کورد ، له‌ گه‌ڵ مه‌هدى ئیسلامیان گه‌نجێکى خه‌ڵکى شیراز له‌ ڕۆژێکى وه‌ک ئه‌مڕۆداو به‌ فه‌رمانى نادادپه‌روه‌رانى ڕژێمى ئێران له‌ سێداره‌ دران.

دوو ساڵ پێش ئێستا و له‌ ڕۆژێکى وه‌ک ئه‌مڕۆدا، مامۆستاى کورد، فه‌رزاد که‌مانگه‌ر له‌ گه‌ڵ فه‌رهاد وه‌کیلى ، عه‌لى حه‌یده‌ریان و شیرینى عه‌له‌م هولى که‌ پیشتر له‌ دادگایه‌کى چه‌ند خوله‌کى دا له‌لایه‌ن ڕژێمى ئێرانه‌‌وه‌ سزاى له‌ سێداره‌درانیان به‌سه‌ر دا سه‌پێندرابوو، له‌گه‌ڵ مه‌هدى ئیسلامیان گه‌نجێکى فارس که‌ ئه‌ویش به‌ تۆمه‌تى یارمه‌تیکردنى ماڵى به‌ براکه‌‌ى سزاى سێداره‌ى به‌سه‌ردا درابوو، به‌بێ ئاگادارى پێشتر و به‌بێ بوونى پارێزه‌‌ر و ئاگادارکردنه‌وه‌ى بنه‌ماڵه‌کانیان له‌ سێداره‌ دران.

به‌ ووته‌ى زۆرێک له‌ مافناسان و پارێزه‌رانى ئێرانى ، پرۆسه‌ى دۆزى ئه‌و شۆڕشگێره‌ کوردانه‌ به‌ ده‌ر له‌ هه‌موو چوارچێوه‌ و پێوانه‌کانى ماف و یاسا به‌ڕێوه‌چوو. ئه‌و گیراوانه‌ پێش له‌ سێداره‌درانیان و له‌ ماوه‌ى گیرانیان دا له‌ زیندانه‌کانى کۆمارى ئیسلامیدا به‌ تووندترین شێوه‌ ئه‌شکه‌نجه‌ کرابوون. ئه‌و ئه‌شکه‌نجانه‌ له‌ مانگه‌کانى ئاخردا و به‌تایبه‌ت به‌ مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى دانپێدانان و ئه‌نجامدانى چاوپێکه‌‌وتنى تلویزیۆنى زیادیان کردبوو، به‌ڵام کاربه‌ده‌ستانى ڕژیمى و هێزه‌کانى ئیتلاعات و پشکێنه‌رانى ناو زیندانى ئه‌وین و گه‌وهه‌رد‌ه‌شت ناکام بوون و ئه‌و خه‌یاڵه‌یان به‌ خاوى مایه‌وه‌ و نه‌‌هاته‌دی.

به‌ر له‌ سێداره‌درانیان هه‌رچوار تێکۆشه‌ری کورد به‌ نامه‌ی به‌رفراوان بانگه‌وازییان له‌ هه‌موو رای گشتی جیهانی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان کرد که‌ رژێمی ئێران له‌ هه‌وڵی کرده‌یه‌کی نامرۆییانه‌دایه‌ و هه‌ر به‌ڕێگه‌ی ئه‌و نامانه‌یان ئامانج و که‌سایه‌تیی و هه‌ڵوێستی خۆیان له‌به‌رامبه‌ر به‌ کرداره‌کانی رژێمی ئێران ده‌رخسته‌ ڕوو. هه‌وڵ ده‌ده‌ین رۆژانه‌ ناسنامه‌ و که‌سایه‌تی و هه‌روه‌ها نامه‌ی هه‌ریه‌ک له‌ تێکۆشه‌رانه‌ بڵاو بکه‌ینه‌وه‌ :-

شیرین عه‌له‌مهولی کێیه‌ ؟

شیرین عه‌له‌م هولى له‌دایکبووى ساڵى 1981ى گوندی” دێم قشلاق”ى سه‌ر به‌شارى ماکۆ له‌ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان دوو ساڵ به‌ر له‌ ئێستا له‌گه‌ل 4 گیراوى ترى سیاسى له‌ گرتووخانه‌ى ئه‌وین له‌سێداره‌درا.

شیرین عه‌له‌م هولى له‌ 26ى مانگى مه‌ى 2008 له‌ لایه‌ن سپای پاسداران له‌ شارى تاران ده‌ستبه‌سه‌ر کرا‌. شیرین پاش ده‌ستگیرکردنه‌که‌ی بۆ ماوه‌ی 25 رۆژ له‌ شوێنێکی نادیاردا له‌ ژێر ئه‌شکه‌نجه‌ی سه‌ختی ده‌روونی‌ و جه‌سته‌ییدا بووه‌. پاش ئه‌و ماوه‌یه‌ بۆ به‌شی209 ی گرتووخانه‌ى ‌ ئه‌وینى ‌ تاران گوازرایه‌وه‌، سه‌ره‌تا به‌ هۆی ئه‌وه‌‌ى که‌ زۆر ئه‌شکه‌نجه‌کرابوو ‌‌و ئه‌گه‌ری مردنی له‌ئارادا بوو، به‌رپرسانی گرتووخانه‌ی ئه‌وین ئاماده‌ نه‌بوون شیرین وه‌ربگرن، بۆیه‌ ڕۆژی دواتر جه‌سته‌ نیوه‌ گیانه‌که‌ی شیرین وه‌رده‌گرن ‌و پاش 5 مانگ ده‌نێردرێته‌ به‌شی ژنان له‌ گرتووخانه‌ى ئه‌وین. له‌ رۆژی 19 ی دێسامبری 2009 دا لقی پانزه‌ی دادگه‌ی شۆڕشی تاران به‌دادوه‌ری،دادوه‌ر سه‌ڵواتى به‌ تۆمه‌تی موحاربه‌‌و په‌یوه‌ندی له‌ گه‌ڵ پارتى ژیانى ئازادى کوردستان PJAK، به‌پێى بڕگه‌ى 186و 187 و 190 ى به‌ندى 2ى یاساى سزاى ئیسلامى سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ردا سه‌پاند. هه‌روه‌ها به‌تۆمه‌تی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی نایاسایی له‌ سنوور به‌پێ مادده‌ى 34ى یاساى پاسپۆرت و مانه‌وه‌ سزای دوو ساڵ زیندانیشی به‌سه‌ردا سه‌پێندرا.

بڕیاری سزای له‌سێداره‌دانی دادگا بۆ شیرین له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه‌ بووه‌، که‌ له‌ ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا به‌ ئه‌نجام گه‌یشتوون. ئه‌وه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ به‌پێی بڕگه‌ی 38 ی یاسای بنه‌ڕه‌تیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هه‌ر جۆره‌ ئه‌شکه‌نجه‌یه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی که‌سی گیراو ناچار بێت دان به‌وه‌دا بنێت که‌ لێکۆڵه‌ره‌وه‌کان ده‌یانه‌وێت، به‌کارێکی نایاسایی داده‌نێت ‌و هه‌ر جۆره‌ دانپیادانانێک که‌ له‌ ژێر گوشاردا له‌ که‌سێک وه‌رگیرابێت هیچ به‌هایه‌کی نییه‌ ‌‌و ده‌بێت تۆمه‌تبار له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌ما ئاماژه‌ پێکراوه‌ سزا بدرێت.

شیرین عه‌له‌م هولى له‌ تاران به‌ زمانی فارسی لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا کراوه‌، ئه‌وه‌ش له‌ کاتێکدایه‌، که‌ له‌و قۆناغه‌دا به‌باشی شاره‌زای زمانی فارسی نه‌بووه‌ ‌‌و به‌هۆی خوێنده‌واریی که‌مه‌وه‌ شاره‌زایی له‌ نووسین‌ و خوێندنه‌وه‌ به‌ زمانی فارسی نه‌بووه‌‌و زمانی فارسی بۆی دژوار بووه‌.

شیرین عه‌له‌م هولى به‌ مه‌به‌ستى لێکوڵینه‌وه‌ ڕاگوێزى به‌ندى 209 ده‌کرێت و، ماوه‌ى چه‌ندین کاتژمێر له‌ ژێر گوشاردا ده‌بێت تا ئاماده‌ى داننان به‌ هه‌ندێک تۆمه‌تدا بێت له‌ به‌رانبه‌ر کامێرادا. به‌ وته‌ى ئه‌و ئه‌گه‌ر ئاماده‌ى هاوکارى بێت له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ئیتلاعات ئه‌و کاته‌ سزاکه‌ى که‌متر ده‌کرێته‌وه‌.

شیرین عه‌له‌م هولى ئاماده‌ نه‌بووه‌ که‌ ئه‌و داوکاریه‌ى هێزه‌کانى ئیتلاعات جێبه‌جى بکات تا ئه‌وه‌ى که‌ سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مڕۆ له‌ گرتووخانه‌ى ئه‌وین ئه‌و ژنه‌ چالاکه‌ کورده‌ له‌سێداره‌درا.

نامه‌که‌ی شیرین عه‌له‌مهولی

شیرین عه‌له‌م هولى حه‌فته‌یه‌ک به‌ر له‌ له‌سێداره‌درانی له‌گرتووخانه‌ى ئه‌وین دواین نامه‌ی له‌ژێر ناوى من” بارمته‌م” نووسی که‌ ئه‌مه‌ ده‌قی نامه‌که‌یه‌تی:

ماوه‌ى زیندانى بوونم چووه‌ته‌ ناو سێ ساڵه‌وه‌، واته‌ سێ ساڵ ژیانى به‌سۆ و ئازاراوى له‌م دیو شیشه‌کانى زیندانى ئه‌وینه‌وه‌، دوو ساڵى زیندانى بوونه‌که‌م به‌ هه‌ڵواسراوى و به‌ بێ بوونى پارێزه‌ر و ته‌نانه‌ت به‌ بێ بوونى بڕیارێک که‌ بۆ زیندانیکردنم درابێت به‌سه‌ر بردووه‌. له‌و ماوه‌یه‌دا که‌ چاره‌نووسم به‌ هه‌ڵواسراوى هێڵرابوویه‌وه‌ رۆژ گه‌لێکى تاڵم له‌ژێر ده‌ستى سپادا به‌سه‌ر برد، پاشانیش لێکۆڵینه‌وه‌کانى به‌شى (209)ى زیندانى ئه‌وین ده‌ستیپێکرد. پاش ته‌واوبوونى قۆناغى 209 کاته‌کانى دیکه‌ى زیندانى بوونم له‌به‌شى گشتیدا به‌سه‌ر برد. هیچ وه‌ڵامیکیان به‌ داوا به‌رده‌وامه‌کانم بۆ دیاریکردنى چاره‌نووسم نه‌ده‌دایه‌وه‌. له‌ئه‌نجامدا بڕیارى نادادپه‌روه‌رانه‌ى له‌سێداره‌دانیان بۆ بڕیمه‌وه‌.

له‌به‌رچى زیندانى کراوم، یان بۆ ده‌بێت له‌ سێداره‌ بدرێم؟ ئایا وه‌ڵامه‌کان به‌ هۆى کوردبوونمه‌وه‌یه‌؟ که‌واته‌ ده‌ڵێم: من وه‌ک کورد له‌دایکبووم و به‌هۆى کوردبوونمه‌وه‌ ئازار و زه‌حمه‌ت و په‌راوێزخستنم چه‌شتوه‌. زمانم کوردییه‌، که‌ به‌هۆى زمانمه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ و دۆستان و ئاشناکانم په‌یوه‌ندیم دروست کردووه‌و له‌ گه‌ڵ زمانى کوردى گه‌وره‌ بووم و بووه‌ته‌ پردى په‌یوه‌ندیى نێوانمان، به‌ڵام ڕێگامان پێنادرێت که‌ به‌ زمانى خۆم بدوێم، پێى بخوێنمه‌وه‌و مافى خوێندنم پێى هه‌بێت، له‌ دوایشدا ریگا ناده‌ن که‌ به‌ زمانى خۆم بنووسم. پێم ده‌ڵێن واز له‌ کوردبوونت بهێنه‌ و نکوڵى لێبکه‌، بۆیه‌ ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر کارێکى له‌و شێوه‌یه‌ بکه‌م نکوڵى له‌خۆم ده‌که‌م.

دادوه‌رى به‌ڕێز، به‌رێز لێکۆڵه‌ر!!

له‌و کاته‌دا که‌ لێکۆڵینه‌وه‌تان له‌گه‌ڵ من ده‌کرد، ته‌نانه‌ت نه‌مده‌توانى قسه‌ به‌ زمانه‌که‌تان بکه‌م. من له‌م دوو ساڵه‌ى دوایدا له‌به‌شى ژنانى زیندانى ئه‌وین، زمانى فارسى له‌هاوڕێکانمه‌وه‌ فێر بووم، به‌ڵام ئێوه‌ به‌ زمانى خۆتان لێکۆڵینه‌وه‌تان له‌گه‌ڵ کردم و بڕیارتان له‌سه‌ر ده‌رکردم. ئه‌وه‌ له‌کاتێکدایه‌، که‌ من به‌باشى نه‌مده‌زانى له‌ده‌وروبه‌رمدا چ رووده‌دات و منیش نه‌مده‌توانى به‌رگرى له‌خۆم بکه‌م.

ئه‌و جۆره‌ ئه‌شکه‌نجانه‌ى که‌ له‌دژى من به‌کارتان هێناوه‌، بوونه‌ته‌ مۆته‌که‌ى شه‌وانم، ژان و ئازاره‌کانى رۆژانه‌شم، به‌ هۆى ئه‌و ئه‌شکه‌نجانه‌وه‌ که‌ به‌رامبه‌رم کراوه‌ ژان و ئازاره‌کان خه‌ریکن رۆژه‌کانیان له‌گه‌ڵ من به‌سه‌ر ده‌به‌ن. ئه‌و پیاکێشاندنانه‌ که‌ له‌کاتى ئه‌شکه‌نجه‌کردندا به‌ سه‌رمتاندا کێشاوه‌، بووته‌ هۆى زیان به‌رکه‌وتنى سه‌رم. هه‌ندێک رۆژ ژان و ئازارى زۆر قورس رووم تێده‌که‌ن، ژانه‌ سه‌رم به‌ راده‌یه‌ک قورس ده‌بێت، که‌ ئیدى نازانم چى له‌ ده‌ورووبه‌رمدا رووده‌دات و ئاگام له‌خۆم نامێنێت. بۆ چه‌ندین کاژێر هۆشم له‌سه‌ر خۆم نامێنێت ،ده‌بورێمه‌وه‌، له‌ئه‌نجامدا به‌هۆى قورسیى ئازار و ژانه‌وه‌ لوتم خوێنى به‌ر ده‌بێت، پاشان هێدى هێدى ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر دۆخى سروشتیى خۆم و ئاگام له‌ده‌ورووبه‌رم ده‌بێته‌وه‌.

خه‌ڵات و دیاریه‌کى دیکه‌ى ئه‌شکه‌نجه‌کاران بۆ من، کز بوونى بینایى چاوه‌کانمه‌، که‌ به‌رده‌وامیش کزبونه‌که‌ روو له‌ زیادبوون ده‌کات، تاکو ئێستا داواکاریه‌که‌م بۆ وه‌رگرتنى چاویلکه‌ بێوه‌ڵام ماوه‌ته‌وه. کاتێک گیرام و توندى زیندان کرام قژم هه‌مووى ره‌ش بوو، به‌ڵام ئێستا که‌ سێیه‌مین ساڵى زیندانى کردنمه‌، هه‌موو رۆژێک سپى بوونى به‌شێک له‌ قژم به‌چاوى خۆم ده‌بینم.

ده‌زانم ئێوه‌ ته‌نها ئه‌و کارانه‌تان له‌گه‌ڵ من و بنه‌ماڵه‌که‌مدا نه‌کردووه‌، به‌ڵکو ئه‌شکه‌نجه‌تان له‌دژى هه‌موو رۆڵه‌کانى کورد و له‌ناویشیاندا که‌سانى وه‌ک زه‌ینه‌ب جهلالیان و رووناک سهفازاده‌ به‌کارهێناوه‌. چاوى دایکانى کورد هه‌موو رۆژێک له‌چاوه‌ڕوانیکردنى بینیى رۆڵه‌کانیاندا فرمێسک بارانه‌، هه‌موو کات له‌وه‌ نیگه‌رانن که‌ چى رووده‌دات و چ ده‌بێت، له‌گه‌ڵ هه‌ر زه‌نگێکى ته‌له‌فۆندا تۆقینى بیستنى هه‌واڵى له‌سێداره‌دانى رۆڵه‌کانیان روویان تێده‌کات.

ئه‌مڕۆ (12)ى گوڵانى (1389)یه‌ (2/5/2010)یه‌ و دووباره‌ پاش ماوه‌یه‌کى درێژ منیان بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ برد بۆ به‌شى (209) و سه‌رله‌نوێ تۆمه‌ته‌ بێ بنه‌ماکانیان دووباره‌ کرده‌وه‌، داوایان له‌من کرد هاوکارییان له‌گه‌ڵدا بکه‌م تاکو بڕیارى له‌سێداره‌دانه‌که‌م هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌. نازانم داواکردنى ئه‌و هاوکارییه‌ چ مانایه‌کى هه‌یه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ من هیچى زیاترم له‌وه‌ى که‌ وتومه‌ بۆ گوتن نییه‌. له‌ئه‌نجامدا داوایان لێکردم ئه‌وه‌ى که‌ ئه‌وان ده‌یڵێن منیش دووباره‌ى بکه‌مه‌وه‌، به‌س من ئه‌وه‌م قبوڵ نه‌کرد. لێکۆڵه‌ره‌که‌ وتى: ئێمه‌ ده‌مانخواست پاره‌که‌ ئازادت بکه‌ین، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى که‌ بنه‌ماڵه‌که‌ت هاوکارییان نه‌کردین ئه‌وه‌ ئه‌نجامه‌که‌ى گه‌یشتووه‌ته‌ ئێره‌. لێکۆڵه‌ره‌که‌ بۆ خۆى دانى به‌وه‌دا نا که‌ من ته‌نها بارمته‌یه‌که‌م له‌ده‌ستیانداو تاکو به‌ ئامانجه‌کانیان نه‌گه‌ن من ده‌هێڵنه‌وه‌، یان له‌سێداره‌م ده‌ده‌ن، به‌ڵام هه‌رگیز ئازادم ناکه‌ن.”

 

 

 

Advertisements
:هاوپۆله‌کاننامەکان/ the letters
  1. هیچ‌ لێدوانێک نییە تا ئێستا
  1. 22/12/2012 له‌ 13:40

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out /  گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: